وەسیلەی ٧٥ ساڵان: نامرم تا حسابی سێ ڕۆڵەی خۆم لە دەوڵەت نەپرسمەوە

12:01

ژنها

شرناخ - وەسیلە ئەرەن تەمەن ٧٥ ساڵان لەنێو هەموو زوڵم و ستەمێکدا مێژووی بەرخۆدانی خۆی پاراستووە. ناوی کوڕی شەهید لە نەوەکەی دەنێت بۆ ئەوەی سەبوری بێت، بەڵام نەوەکەشی لە کۆمەڵکوژی سلۆپی گیانی لەدەستدا.

وەسیلە ئەرەن ژنێکی ٧٥ ساڵانە، کە شایەتی بۆ هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و دەربەدەریانە کردوە کە بەدرێژایی تەمەنی لەو دەڤەرە لەلایەن دەوڵەتی تورک ئەنجامدراون. لە ساڵی ١٩٨٨دا بە زۆرەملێ لە گوندەکەیان(گرێ چۆلی) کۆچبەر دەکرێن، لەو کاتەوە تا ئێستا نیشتەجێی گەڕەکی جودی شارۆچکەی سلۆپیای سەر بە شاری شرناخ دەبن. وەسیلە سەرەڕای تەمەنی خۆی بەردەوامە لە تێکۆشان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.

چیرۆکی دایە وەسیلە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی سلۆپی لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩ کاتێک هێزەکانی دەوڵەتی تورک لەوکات ٦ هاوڵاتی کوردی جوتیار لەناو دروێنەی گیادا گولەباران دەکەن. پاشان تەرمەکانیشیان بە هەلیکۆپتەر فڕێدەدەنە بەردەم قایمقامیەتی شاری سلۆپی، کاتێک هاوڵاتیان دەیانەوێت تەرمەکان وەرگرنەوە، لەلایەن هێزکانی دەوڵەت رێگریان لێدەکرێت. بۆیە هاوڵاتیانی سلۆپی دەڕژێنە کۆڵانەکان و دەست بەر ڕێپێوان دەکەن و دواتر بارەگای قایمقامیەتیان سوتاند و تەرمەکانیان وەرگرتەوە.

بەر لەوەی دووچاری کۆچبەری بێن، تازە ڕەشیدی کوڕی لە سەربازی گەڕاوەتەوە، کەلەلایەن هێزکانی دەوڵەتی توکەوە لە دارێک دەبەسترێتەوە وپاشانیش گولـلە باران دەکرێت. لەو سەروبەندەدا کچێکی ١٣ ساڵانیشی بێ سەروشوێن دەبێت و وەک خۆشی دەڵێ: تا ئێستاش نازانێت ئاخۆ ماوە یان نا.

بۆ ئەوەی سەبوری بداتەوە و ناوی کوڕەکەی بژیێنێتەوە ناوی نەوەکەی دەنێ ڕەشید، بەڵام نەوەکەشی لەکاتی هێرشی دژوار بۆ سەر ناوچەی شاری سلۆپی، تۆپێکی هاوەن بەر ماڵەکایان دەکەوێت و خۆی شەهید و دایکیشی بریندار دەبێت.

دایە وەسیلە دەڵێت: ئێستا نامرم، چونکە حیسابم لەگەڵ دەوڵەت ماوە، دەبێت تۆڵەی هەر سێ ڕۆڵەکەم و هەزاران دایکی جگەر سوتاو لە دەوڵەت بپرسمەوە.

(ش ب)