مەراسیمی چلەی ماتەمینی کەمال پێنجوێنی بەڕێوەچوو
18:12
ژنها
پێنجوێن- بەبەشداری ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و ئەندامانی حیزب و لایەنە سیاسیەكان، مەراسیمی چلەی شەهید كەمال پێنجوێنی بەرێوەچوو، تیایدا پەیامی حیزب و لایەنە سیاسیەكان خوێندرایەوە، هاوكات سینەفزیۆنێكیش لەسەر ژیان و خەباتی ناوبراو پێشكەشکرا.
مەراسیمەکە كاتژمێر ٢:٣٠ خولەك لە هۆڵی بۆنەكانی پێنجوێن دەستیپێكرد، هەریەك لە سالح بایكا نوێنەری هەدەپە ، محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی، غەریب حسۆ نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرتی پەیەدە و فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری یەكێتی ئامادەبوون، دوای خولەكێك ریزگرتن، پەیامی كۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لایەن بێریتان جوانرۆ خوێندرایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەساڵانە سەرهەڵدان و تێكۆشان لەبەرامبەر داگیركەریەكانی كۆماری ئیسلامی بەردەوامە و بە ئاوابوونی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك بەرخۆدانی هەمەلایەنەی لەهەموو مەیدانەكانی شاخ و شار و گوند و زیندان و چیا گەیشتە لوتكە، لەبەرامبەردا ئیسلامی ئێران و دوژمنانی گەلی كورد بەتەواوی هێزی خۆیانەوە پەلاماری گەلەكەمان دەدەن".
لە پەیامەکەی کۆمیتەی شەهیدانی پژاکدا هاتبوو: "پێویستە نەیاران و داگیركەران باش بزانن كە تیرۆری شەهید كەمال و هەڤاڵانی دیكە نەك هەر لەتێكۆشان و رێكخستن دوورناخاتەوە، بەڵكو ئیتر هەڤاڵ كەمال بۆتە سیمبولی بەخۆدان و قارەمانی گەلی كورد بەتایبەت لە باشوور و رۆهەڵاتی كوردستان ، ئیمەش بەرۆحی ئەوان درێژە بە هەڵوێستی شۆرشگیریانەمان دەدەن و بەو پەیمانەی كە بەشەهیدانمان داوە و بە باوەڕبوون بە هێڵی راستی ئەوان و بەپشت بەستن ئە ئیرادەی گەلەكەمان پێداگرتر دەبین".
هەروەها كوردۆ كەمال پێنجوێنی لەسەر ناوی كەسوكاری شەهید رایگەیاند:" دڵخۆشین بەوەی كە باوكم لیهاتوانە و قارەمانانە و سەركەوتن بۆ سەربەستی گەلەكەی وەك بنچینەی ژیانی خۆی دەستنیشان كرد، هەرلەسەرەتاوە هەموو چركە و ساتەكانی ژیانی تەرخان كردبوو بۆ گەیشتنی گەلەكەمان بە ئازادی." ووتیشی:" بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزەش تا كۆتایی تێكۆشانی كرد. ئێمە دڵنیاین لە راستی شەهید كەمال ، بۆیە گرانی ئێش و ئازاری دووری ئەو بەیاد و بیرەوەریەكانی و بەهەڵگرتنی ئەو چەك و ئاڵایەیی لەدەستیدا بوو،هاوكات بە گورتركردنی ئاستی تێكۆشان لەسەر شان و دڵمان سوك دەكەین و خۆمان بەبەرپرس دەزانین لەبەرامبەر پێكهێنانی خەون و ئامانجەكانی ئەو هەموو شەهیدانی كوردستان".
كوردۆ كەمال لەبەردەوامی وتەكانیدا جەختی كردەوە: "لەبەر رۆشنایی وتەی رێبەر ئاپۆ كە دەڵێ ( شەهادەت بەهایەكە لایەقی هەموو كەس نیە) بەڵێن دەدەین تا بونیادنانی پەیكەری كوردستانێكی ئازاد لە رۆهەڵاتی ناوەراست كە لەلایەن داگیركەرانەوە حاشای لیكراوە، هەروەها تا ئەو كاتەی ئاڵای سەربەستی گەلەكەمان لەبەرزترین گوندی كوردستاندا نەشەكێتەوە دەست لە خەبات و تێكۆشان بەرنادەین . " لەكۆتایشدا رایگەیاند:" لەسەر ئەو بنەمایە هەموو دۆست و هەڤاڵانمان ، وە هەموو ئازادیخوازان دڵنیا دەكەینەوە لەهیچ شوێنێك ناهێلین و ریگەنادەین دژمن ئۆقرە بگرێت و كە بندەستی و تەسلیمیەتە لەگۆڕ دەنێین، لەسەر هێڵی هەڤاڵانی شەهیدمان تا دواین دڵۆپی خوێنمان لەهەمبەر كۆسپ و ئاستەنگیەكان تێدەكۆشین و چۆك دانادەین."
محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان ووتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند:" هەڤاڵ كەمال وەك كەسێكی بوێر هەمیشە كۆڵی نەدا لە تێكۆشان و بەرخۆدان، ئەو سنوورەكانی سایكس پیكۆی تێكشكاند ." ووتیشی:" شەهیدان هەمیشە پەیامی یەكێتیان و یەكگرتووی دەدەن، شەهید كەمال ، شەهید قاسملۆ ، شەهید ئارین میركان و عەگیدەكان تەنیا شەهیدی بنەماڵەیەك ، یاخود حیزب و بەشێكی كوردستان نین، ئەوان شەهیدی ئازادی و كوردستانن. گرنگە یادی شەهیدان بكەینە هەوێنی یەكێتی نەتەوەیی كوردستان.".
هەروەها هەریەك لە بانو هەڵەبجەیی لەسەر ناوی رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان، فەرهاد سەنگاوی وەك پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و غەریب حسۆ لەسەر ناوی نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان پەیامیان پێشكەش كرد و پاشانیش سینەفزیۆنێك لەسەر خەبات و تێكۆشانی كەمال پێنجوێنی پێشكەش كرا.
رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٣-٤-٢٠١٦ لە شارۆی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، وەستا سەدیقی ساڵیئاوایی و كەمالی شێخ سادە لە كاتژمێری ٦ ئێوارە لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رێفێندران، پاش ماوەیەكی كورت و لە كاتژمێر ٧ بۆ ٧:١٠خولەكی ئێوارە تەرمی سەدیقی ساڵیئاوایی بە كوژراوی لە نزیك دوورڕیانی گوندی نزارە (نزیك چۆمی گەورەی پێنجوێن) دۆزرایەوە كە شوێنی هەشت گولـلە دەمانچەی پێوە دیارە و كاتژمێر ٣ ی پاش نیوەڕۆی رۆژی دواتر تەرمی كەمالی شێخ سادە، هەر لەودەوروبەرە دۆزرایەوە، كەمال شێخ سادە ناسراو بە ( كەمالە خڕە) یەكێك لە كەسایەتییە ناسرەوەكانی ئەو هەرێمەبوو كە چەندین ساڵ بوو وەك وڵاتپارێزێكی پێشەنگی تەڤگەری ئاپۆچێتی دەناسرێت و لەساڵی ٢٠١٣ لەسەر لیستی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كاندیدبوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پێش ئەم رووداوەش چەندین جار لە لایان هێزە ئەمنی و ئیستخباراتیەكانی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بە كوشتن و رفاندن هەڕەشەی لێكرابوو و پلانی بۆ داندراوە، تەنانەت ساڵی پاریش جارێك تەقەی لێكرابوو.
(ش ب)