"ئەگەر بە زووترین کات ڕونکردنەوە نەدەن سکاڵا لەسەر دەزگا ئەمنیەکان تۆمار دەکەین"
09:30
ژنها
پێنجوێن – چنور غەریب هاوژینی کەمال پێنجوێنی و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان لەسەر کەیسی هەڤاڵ کەمال دەست نەکەوتوە، بۆیە ئەگەر بە زووترین کات روونکردنەوە نەدرێت ئەوا وەک بنەماڵە سکاڵا لەسەر دەزگا ئەمنیەکانیش تۆمار دەکەن.
٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، كەمالی شێخ سادە و وەستا سەدیقی ساڵیئاوایی لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رێفێندران، پاشان تەرمەکانیان لە دوو شوێنی جیاوازی نزیک پێنجوێن دۆزرانەوە، گەرچی٤٠ ڕۆژ بەسەر ئەم ڕووداوە تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتاش لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نەدراوە. چنور غەریب هاوژینی كەمالی شێخ سادە(کە یەكێك لە كەسایەتییە ناسرەوەكانی ئەو هەرێمەبوو، چەندین ساڵ بوو وەك وڵاتپارێزێكی پێشەنگی تەڤگەری ئاپۆچێتی ناسرا بوو) لە لێداونێکیدا بۆ ژنها وتی: " چل ڕۆژ بەسەر شەهید بوونی هەڤال کەمال و کاک سەدیق دا تێپەڕ دەبێت بەڵام تا ئێستا وەک بنەماڵەی هەڤاڵ کەمال هیچ ئەنجامێکمان بەدەست نەکەوتوە یاخود پێیان ڕانەگەیاندوین."
چنور غەریب ئاماژەی ئاماژەی بەوەش کرد کە گومانیان لەسەر هێزە ناوەخۆییەکان دروست بووە و جەختیشی کردەوە: "چونکە هیچ کەس ئامادە نیە لەو باریەوە لێدوان بدات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی وەک بنەماڵەی هەڤاڵ کەمال گومانمان لا زیاتر بێت، دەبووایە هێزە ئەمنیەکانی پێنجوێن و بەتایبەتیش هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە بووەستانا، بۆیەش گومانی ئەوەمان لا دروست بووە کە ئەو تیرۆرەی کراوە دەستی ناوەخۆشی تیا بووە. چونکە شەهید کەمال کەسێکی چالاک بوو، لە سنوری پێنجوێندا پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادی بوو. بۆیە دەسەڵاتداران و هەندێ پارت و لایەنی سیاسی باشور چ وەک کەسایەت و چ وەک ڕێکخستن وەک دوژمنێک سەیری هەڤال کەمالیان دەکرد. وەک مەترسیەکیان دەبینی بۆسەر خەباتی خۆیان، چونکە ئەو دژی دەسەڵاتداری تێدەکۆشا."
چنور غەریب لە بەردەوامی وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر تێکۆشانی هەڤاڵ کەمال و وتی: " ئەو سنورە دەستکردەی لە نێوان پێنجوێن و مەریوان و بانەدا هەبوو هەڤاڵ کەمال تێکیشکاند، بەدۆست و دوژمنانی وت؛ 'هیچ سنورێکمان لە نێواندا نیە'، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوژمنان ڕق و قینیان لەبەرامبەر هەڤاڵ کەمال بەو ئاستە دڕندەییانە بگەیەنن."
چنور غەریب هاوژینی کەمال پێنجوێنی و ئەندامی ڕێکخراوەی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕەژاک) لە کۆتاییشدا هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسیارە ئەمنیەکانی بە توندی ڕەخنە کرد و وتی: "داوا لە لایەنە ئەمنیەکان و کاربەدەستان دەکەین کە هەرچی زووە لێدونیان هەبێت بۆڕای گشتی. بێگومان ئەگەر ڕوونکردنەوە و هەڵوێستی ڕوونیان نەبێت ئەوکات کاردانەوەمان دەبێت لەبەرامبەریان، تەنانەت سکاڵا لەسەر دەزگا ئەمننیەکانیش تۆمار دەکەین، هیوادام نەگاتە ئەو ئاستە و لە نزیکترین کاتدا لێدونێکیان هەبێت بۆ ڕای گشتی و چیتر بێدەنگ نەمێنن."
(ش ب)