هێڤی مستەفا: عەفرین لە ئامادەباشی دایە

09:33

فیدان ڕێزان/ ژنها

عەفرین- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند کە ئەوان خاوەن پڕۆژە، سوپا و سیستەمێکی دیموکراتین، بۆیە دەتوانن لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا بوەستنەوەو سەرکەوتن بەدەست بێنن.

هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین، سەبارەت بە دواین بارودۆخی سیاسی لە سوریا بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ژنها دوا. هێڤی چارەسەر نەبوونی ئاڵۆزیەکانی سوریای بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە تا ئێستا پڕۆژەیەک دەستنیشان نەکراوە کە ئاماژە بە کرۆکی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکات بۆیەش چەندە کۆنگرە و کۆبوونەوەش ببەسترێن چارەسەری بەدینایەن و ئەنجامێکیشیان نابێت.

هێڤی مستەفا وتی: "گەلانی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو ئارامیدا دەژین، ڕۆژبەڕۆژ بە یەکێتی گەلان سیستەمی خۆبەرێوەبەری دیموکراتی بەرفراوان دەبێت، لە ئەنجامدا چەند هەرێمێکی وەک گرێ سپی، ئەلشەهبا، شەداد و چەندین شارۆچکە ئازاد کران."

هێڤی ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلانی ڕۆژئاوا بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە لە سەر بانگەوازی بەڕێوەبەرایەتی هەرسێ کانتۆن لە ژێر چەتری فیدرالی دیموکراتی کۆبوونەوتەوە، ناوبراو وتیشی: " لەماوەیەک نزیکدا بەشێوەیەکی رێکوپێک کاروخەباتی جێبەجێکردنی خاڵە سەرەکیەکانی سیستەمی ئەنجامگیر دەبن و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکرێت."

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین، سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بەم شێوەیە دوا: "هێرشی سەر هەرێمە ئازادەکانی ڕۆئاوا ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندی خوازی دەوڵەتانی تورکیا، قەتەر و سعودیەیە، چونکە ئەو هێزانە نایانەوێت ئاڵۆزیەکانی سوریا چارەسەر بکرێن. بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕ و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دەکات، توکیا بەمەبەستی داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین، چ وەک هاوکاری سەربازی چ وەک پروپاگەندا پشتیوانی هەموو هێز و گروپە تیرۆرستیەکانی ناوچەکە دەکات. هێرشی سەر گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسودی شاری حەلەبیش لەو چوارچێوەیە بەڕێوەدەچێت، چونکە شێخ مەقسود بۆتە شوێنی پێکەوە ژیانی گەلان. "

هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین، لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ئامادەباشی هێزەکان و وتی: "لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا هێزکانی (یەپەگە – یەپەژە و هێزکانی سوریای دیموکراتی لە ئامادەباشی دان و با هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە کە گەلی کانتۆنی عەفرین کۆڵ بدات. چۆن ماوەی چەندین ساڵە ڕووبەڕووی سەخترین هێرش بووینەتەوە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و هەوڵی زیاتریش دەدرێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بەتەواوی لە ژێر دەستی چەتەکان ئازاد بکرێت."

(ش ب)