رژاک، بە لێدوانێک هێرشەکانی سەر 'هەدەپە' شەرمەزار دەکات
18:25
ژنها
سلێمانی- رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) ئەمڕۆ لە بارەگای ڕێکخراوەکەیاندا بۆ پشتگیریکردنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەلایەن دەوڵەت تورکیاوە هێرشدەکرێتە سەریان لێدوانێکی چاپەمەنیان ڕاگەیاند.
بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی خۆبەڕێوەبەرێتی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوەکەی خوێندەوەو ڕایگەیاند: "ئێمە وەک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-رژاک، پشتگیری لە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەکەین لە باکوری کوردستان، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و دەوڵەتانی ترەوە هێرشیان دەکرێتەسەر، هەمیشە هێرش لەبەرامبەر گەلی کوردستان بە هەموو شێوازەکان هەبووە، بە تایبەتی لە ئێستادا لەلایەن ئاکاپە و سیاسەتەکانی ئەردۆغانەوە هێرشی هەرەبەرفراوان دەکرێت و لە رێگەی فرۆکە جەنگیەکانیانەوە شوێنە کوردیەکان بۆمباران دەکەن.
ڕاشیگەیاند: لەئەمڕۆدا ئەو هێرشانەی کە لە کۆڵانەکانی باکوری کوردستاندا بەسەر خۆبەڕیوەبەرێتی دیموکراتی هەیە منداڵ و ژن و بەبێ رەچاوکردنی تەمەنەکان و بە بێ رەچاوکردنی ئینسانەکان هەموو کەسێک دەکاتە قوربانی، کە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە بۆ سەر هەدەپە دەکرێت، کە بەتایبەتی هەدەپە پارتێکە بە تێکۆشانی خۆی و ئەندامانی ئەو دەنگانەی بەدەستهێناوە کە بە ملیۆنان ئینسانی کوردستان و تورکیا دەنگیان پێداون، بەڵام ئەمڕۆ هێرش دەکرێتە سەریان و هەوڵدەدرێت مافی پەرلەمانتاریان لێبسەندرێتەوە.
کە ڕاگەیەندرواوەکەدا ئەوەش هاتبوو: بێگومان ئەو هێرشانە هێرشێک نین بۆ سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە و بۆ سەر پەرلەمانتارانی کورد، بەڵکو هێرشێکە لە بەرامبەر هەموو گەلی کورد و لە بەرامبەر هەموو هێزە ئازادیخوازەکان و دیموکراتیخوازەکان و هەموو ژنان بەتایبەتی، ئەو هێزە کە هێزێک بووە نوێنەرایەتی هێزی دیموکراتی و هێزی یەکسانی کردووە و زۆر دەستپێشخەری کردووە،لەوەی ژن وەک پێشەنگ لە ناو خەباتی خۆیدا ئامادەیی هەبێت، هەربۆیە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەدەپە هێرشێکی بەرفراوانە بۆسەر هەموو ژنانی جیهان وە بەتایبەتی ژنانی کورد، پێویستە ئەو هێرشانە رابگیرێن و هەموو هێزە کوردی و دیموکراتیخوازەکان لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە.
هەروەها جەختیان لەوەشکردەوە: گەلی کورد گەر لەناو پەرلەمانیش نەبێت و رێگەی پەرلەمانی لێبگیرێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەموو تێکۆشانی خۆی پێشدەخات و سەرکەوتوو دەبێت، چونکە گەلێکی ئازادیخواز و تێکۆشەرە، پێویستە مافی سیاسەت و مافی پەرلەمانتاری بۆ گەلی کورد رەوا ببینرێت، هەرچی هێزێک بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و کۆمەڵکوژی گەلی کورد و بۆ رێگەگرتن لەبەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەگیرێتە بەر دەبێت ڕێی پێبگیرێت.
لەکۆتاییدا رژاک پێویستی یەک دەنگی گەلی کوردیان بەگرنگ زانی و دوایان کرد: گەلی کورد یەک بێت لەهەر چوار پارچەی کوردستان و ڕێ لەو سنورە دەستکردانە بگیرێت کە لەبەرامبەر تێکۆشانی گەلی کوردا دروستکراوە.
(ش ب)