"پەروەردە بۆ ژن بەهێزترین چەکە لە بەرامبەر ڕژێمی ئێران"
09:15
ژنها
ڕانیە- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی سیستەمی نادادپەروەرانەی ڕژێمی کۆماری ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە کۆمەڵایەتیەکان پەرەدەسەنن، لەگەڵ ئەمەش زیادبوونی ڕێژەی خۆکوژی لەناو هەردوو ڕەگەز و تەنانەت لەناو هەموو چین و توێژەکاندا زیادی کردوە. ژنان بە بەرپرسیاری چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکان دۆخی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات هەڵدەسەنگێنن و ڕایدەگەیەنن کە کاردانەوەی کۆمەڵگا لەبەرامبەر سیاسەتی چەوساندنەوە گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە.
" گەر دایک ئازاد نەبێت نەوەی ئازاد بەرهەم نایەت"
نیشتیمان پەیوەند سەرەتا باسی لە دۆخی ژنان ئێران کردو لەوباریەوە وتی : "لە ئێران قەت مافی ژنان بەتەواوی نەدراوە، ڕێگەی پێنەدراوە خۆی بۆ هیچ پۆستێک کاندید بکات کە بتوانێت بەڕێوەبەری بکات یان خاوەنداری لە ڕەنجی خۆی بکات. ڕژێم لە فکر و ڕامانی ژنان دەترسێت. چونکە ژن ئافرێنەرە و ژیان دەگۆڕێت، کۆمەڵگا دەگۆڕێت." ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕەوشی ژنان کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و وتی: "لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان و گەنجان بێکار کراون بۆیە چەندەش بخوێنن کارگەیەک نیە کاری تیا بکەن. ژنێک خوێندەوار و نەخوێندار هیچ کارێک نیە بیکات، بۆیە وەک کۆیلەیەک لەماڵ کار دەکات، ژن کە کچە کچێ باوکێکە کە گەورە بوو دەبێتە ژنی پیاوێک کە منداڵی دەبێت، دەبێت دایکی منداڵێک، هیچ کاتێک بۆ خۆی ناژیت."
نیشتیمان ئاماژەی بەوە کرد کە هەژاری و بێکاری باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی زۆربەی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان هەروەها جەختیشی کردوە: "کاتێک بێکاری و گرفتەکان ڕوو لەزیادبوون بن ئیدی گەنجان و ژنان بەدوای رێگا چارەسەری تردا دەگەڕێن، زیادبوونی خۆکوژیەکانیش ئەنجامی ئەم سیاسەتەن، کە کاریگەری کردۆتە سەر تەواوی شانەکانی کۆمەڵگا، تەنانەت منداڵێکی ١٢ساڵان لە ناکۆکی و شەری نێوان دایک و باوکی بێزار دەبێت خۆی لە باڵاخانە دەهاوێژێت. بۆیە من دەڵێم؛ لە کۆمەڵگای ئێران هیچ کەس بەتەواوی ئازاد نیە، چونکە دایک ئازاد نیە ئەگەر دایک ئازاد نەبێت نەوەی ئازادیش بەرهەم نایەت."
نیشتیمان پەیوەند بانگەوازیەکی ئاراستەی ژنان کرد و وتی: "ژنان دەبێت ڕێگری بکەن لەو پیاوانەی کە جاشایەتی دەکەن یان بازرگانی بە مادەهۆشبەرەکان دەکەن، هەردووکیان لای ئێمە یەک حکومیان هەیە، چونکە دژی مرۆڤایەتین. دەبێت بیر لەوە بکەنەوە لە چوار پارچەی کوردستان سەرهەڵدان و شۆڕشە، دەبێت دایک هەموو گەنجانی بەرەی شەڕ وەک ڕۆڵەی خۆی ببینێ و بزانێت بۆچی شەڕ دەکەن. تەنیا ژن دەتوانێت ڕێگری لەم دۆخە مەترسیدارەی ژیان بگرێت. لە ئاینەکان دەڵێن پێغەمبەرێک دێتە خوار و چەپەڵی و بەدڕەوشتیەکانی کۆمەڵگا پاک دەکاتەوە، ئێستا شۆڕشە پێویست بەوە ناکات چاوەڕوانی هاتنە خواەوەی پێغەمبەران بکەین، شۆڕش واتا سڕینەوەی هەرچی خراپی و خراپەکارە."
"دارەکەی ڕژێم کرمۆڵە"
ڕۆناهی سنەش سیستەمی ڕژێمی ئێران بە سیستەمێکی لاواز نادێڕ دەکات و لەبەرامبەر هەموو سیاسەتەکانیش پەروەدەی ژنان وەک چارەسەری دادەنێت. ڕۆناهی وتی: "سیستەمی پیاو سالاری و سەرمایەداری لە ئێران هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی کۆمەڵگایە لە ڕاستی خۆی، سیستەمی کۆماری ڕژێمی ئێران کۆمەڵگای بە ئاستێک گەیاندوە کە نەتوانێت تاکەکانی باش پێبگەیەنەێت، هیچ ژنێک حەز ناکات لەشفرۆشی بکات، بەلام ناچاری ئەو کارە کراوە، کە هەموو لەشفرۆشیەکیش بە خۆ کوژی یان کوشتن کۆتایی دێت. زۆربەی خۆکوژیەکان لە ئەنجامی سیغە، مادەهۆشبەرەکان و هەژارین کە رژێم بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندون.
ڕۆناهی وتیشی: "ئێستا فیلمی تورکی وەرگێری فارسی دەکرێت بۆ کۆمەڵگای ئێران، لەجیاتی ئەوەی ژنان دانیشن سەیری ئەم درامایانە بکەن، دەتوانن خۆیان لەڕووی هزریەوە پێبگەیین تا بتوانن ئەوان بەسەر سیستەمدا زاڵ بن، تا بتوانن ئەوان خۆیان بەو ئاستە بگەن پێویستیان بە دەوڵەت نەمێنێت و ئیرادەی خۆی بپارێزێت. لە دادگادا ژنان مافەکانیان پێشێل دەکرێت، ژنێک کە بە لێدان هەموو جەستەی مۆر هەڵگەراوە پێی دەلێن شایەدت کێیە؟ هەروەها منداڵان بە شێوەیەک پەروەردە دەکرێن، کە دووردەکەوەنەوە لە دایک و باوک و کۆمەڵگا. دارەکەی ئێران لە خۆیەوە کرمۆڵە، بۆیە دارێک ڕیشەکەی ڕزی بێت میوەی باش بەرهەم نایەیەنێت. پەروەردەکردنی من وەک ژنێک گەورەترین چەکە لەبەرامبەر سیاسەتی ڕژێمی ئێڕان. هەرچەند فشارەکان زۆر بن بەڵام نابێ ئەوە بکەینە بیانوێک و ملکەچ بین، نابێت گەنجان بە هیچ شێوەیەک ملکەچ بن."
"خۆکوژی کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە"
هەروەها سارا مەهاباد هەر لەسەر ئەو بابەتە وتی: "ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بەرزبۆتەوە بۆیە ڕژێم ناتوانێت بە سیاسەتەکانی ئیرادەی ژنانن بشکێنێت. لە یاساکانی ئێراندا هیچ مافێکی ژنان پارێزراو نیە. بۆ نمونە دایک دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی منداڵەکانی لێدەسەنرێتەوە، منداڵ و خێزان دەبنە قوربانی سیستەمی ڕژێم، کە هەمیشە بە خۆیانەوە سەرقاڵیان دەکات و رێگە نادات بەشێوەیەکی جیاواز بیربکەنەوە. پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە کە ژنان منداڵانیان بەشێوەیەک پێبگەیەنن کە سیستەمی رژێم کاریان لێنەکات، داوا لە ژنان دەکەم کە چیتر خۆیان نەکوژن، چونکە خۆکوشتن نەک تەنها کێشەکان چارەسەر ناکرێت، بەڵکو قوڵتریان دەکاتەوە، ئەرکی گۆڕینی ئەو کۆمەڵگایە لە ئەستۆی ئێمەی ژنان دایە بۆیە نابێت زوو کۆڵبدەین."
(ش ب)