"لەبەرامبەر کودەتای 'ئاکەپە' خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین"

10:55

زەینەب دورگوت/ ژنها

جۆلەمێرگ – دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەڕلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا، ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایی و کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە، ژنان لەشاری جۆلەمێرگ ڕایانگەیاند هەڵگرتنی پارێزبەندی کودەتایە بەرامبەر بە ئیرادەی گەلی کورد، بۆیە قبوڵناکرێ و لەبەرامبەریدا سەرهەڵدان دەکەین.

سەیران ئەرچین لەوبارەیەوە وتی: "ئەوان لە پەڕلەمان نوێنەرایەتی ئێمەیان دەکرد، بە بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پەیامی ئەوەیان پێداین کە دان بە هەبوونمان نانرێت. ئەوان بە دەنگی ئێمە چوونەتە پەرلەمان، حکومەت کودەتای بەرامبەر ئیرادەی گەلی کورد ئەنجامدا.ئێمە وەک ژنان بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو سیاسەتە دەکەین، بەڵێن دەدەین وەک پەرلەمانتارانمان لە ڕێگای ئاشتی و ئازادی تێبکۆشین."

هەروەها چیمەن ئالتورک چالاکوانی ژنان لە کۆنگرەی ژنانی ئازاد(KJA)، رایەگەیاند کە دەیانەوێت شکست بە تێکۆشانی گەلی کورد بهێنن، ناوبراو وتیشی: "لە مێژووی سیاسەتمەدارانی کوردا ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا دیسان بە هامان سیاسەت هەمان پلانگێریان ئەنجامدا. ئەو کاتیش پارێزبەندی سەر سیاسەتمەدارانی کورد لابرا، بەراستی ئەم جارە پێویست دەکات کە گەلی کورد ئەمە قبوڵ نەکات. ئەمە کارێکە پلان بۆ دارێژراوە، لەلایەک گەنجان لەلایەک ژنان لەلایەک رۆژنامەوان لەلایەک سیاسیەکان و لەلایەکیتر پەرلەمانتار ڕاپێچی زیندان دکرێن، ئامانجیان لەنێوبردن و کۆتایی هێنانی گەلێکە، زمانێکە، ناسنامەیەکە بۆیە بە هیچ جۆرێک قبوڵی ناکەین."

هەوەها ئایسەل جان لەسەر ئەو بابەتە سەرەتا بە توندی حکومەتی 'ئاکەپە'ی ئیدانە کرد، ئایسەل وتی: "هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، لەبەرامبەر ئەم پلانە چەپەڵەی دەوڵەت بانگەوازی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینمان هەیە و دەڕژێین شەقامەکان. ئەوان هەرچیەکیش بکەن ناتوانن لەنێومان بەرن و دەنگی ئازادیخوازیمان کپ بکەن."

(ش ب)