هاوسەرۆکی شارەوانی گرێ سپی ژنێکی تورکمانە
11:47
ژنها
کۆبانێ- دوای ئەوەی شارۆچکەی گرێ سپی بوو بە بەشێک لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی و ئەو گۆڕانکاریانەش بەردەوامن. گەل بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەشداری دەزگا و ڕێوەبەریەکان دەکرێن و یەکێک لە هاوەسەرۆکانی شارۆچکەکە ژنێکی تورکمانە بەناوی مەدینە موسلیم.
شارۆچکەی گرێ سپی لە کانتۆنی کۆبانێدا خاوەن پێگەیەکی سەربەخۆیە، لەو شارۆچکەیەدا نفوسی عەرەب زۆرەو عەرەب، کورد، ئەرمەنی و تورکمان بەیەکەوە دەژین. شارەوانی گرێ سپی دامەزراوەیەکی هەرە گرنگە چونکە ڕەنگی شار پیشان دەدات. کاریگەری ڕەنگی پێکهاتەکان لە ڕێوەبەری و کارمەندانی شارەوانیدا دیارە، بەو پێیەی یەکێک لە هاوسەرۆکانی شارەوانی عەرەبەو ئەوەی تریشیان ژنێکی تورکمانەو هاوکارەکانیان کوردن.
مەدینە موسلیم، هاوسەرۆکی شارەوانی گرێ سپی ئەو کاتەی لە ڕەقا زانکۆی دەخوێند، چەتەکانی داعش پارێزگای ڕەقایان داگیر کرد، بۆیە ناچار بوو شارەکە بەجێ بهێڵێت، موسلیم لەلایەکەوە بیر لە بیناسازی شارەکە دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە وەک دایکێک سەرقاڵی بەخێوکردنی کچەکەی (زیلان)ە.
مەدینە دەستنیشانی کرد دوای ئەوەی لە ١٥ حوزەیرانی ٢٠١٥ دا گرێ سپی لە چەتەکانی داعش پاک کرایەوە، خزمەتی شارەوانی بەگوێرەی پێویستیەکانی گەل و هەروەها بەپێی ڕاستی ئەتنیکە جیاوازەکان سەرلەنوێ دەستی پێ کردۆتەوەو وتی:" خەباتی شارەوانی لەگەڵ گەڕانەوەی گەل بۆ شوێنەکانی خۆیان دەستی پێ کرد، کێ کام کارە دەکات( کارەبا، ڕێگاو بان و ئاو) هەرکەس بەردەوامە لەسەر کاری خۆی و هیچ پێکهاتەیەک لەدەرەوەی ئەو کارە نەهێڵراونەتەوە."
مەدینە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بە ئازادکردنی گرێ سپی سەرەتا بینای شارەوانیان دروست کردۆتەوەو وتی:" چەتەکان وایان لە بیناکە کردبوو کە بۆ بەکارهێنان نەدەبوو، ئێمە موەلیدەو ئەو دینەمۆیانەمان پەیدا کرد کەلەسەر بیری ئاوەکان بەکاردەهێنران، بەو شێوەیە پێویستی هاوڵاتیانمان پێک هێنا. گەڕەک و ماڵی کوردان وێران کرابوون، ئەو شوێنانەمان پاک کردەوەو ڕێگاکانمان کردەوە. ئێستا ڕەوشی شارەکە لە ئاستێکدایە کە لەهەموو بوارێکەوە بەکار دێت. لە گوندەکانیش دەست کراوە بە جێبەجێ کردنی پێداویستی و داخوازیەکانی خەڵک. بە هەرسێ شارەوانی تل غەدیر، یابسەو تل فندر ئێمە هەوڵ دەدەین خزمەتگوزاری گوندەکان دابین بکەین."
"کێشەکانی ئاوەدانکردنەوە چارەسەر کران"
هاوسەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردن کە پێویستیەکانی ئاو و کارەبا لە شارۆچکەکە چارەسەرکراون، هەروەها وتیشی: "چونکە ئاو لە ناوچەکەماندا زۆرە، بۆیە لە هەر شوێنک بیر بکۆڵین ئاومان دەست دەکەوێت. هەروەها ئێستاش خەریکی دروستکردنی دوو پارکین، وە بەڕێگەی دانانی زبڵدان و لافیتەی هۆشیارکردنەوە پاکوخاوێنی شار ڕادەگرین، ئێستاش هەموو گڵۆپەکانی ناو شار و کۆڵانەکانمان داگیرساندوە."
مەدینە سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیستەمی بەڕێوەبردنی کار و خەباتەکانیان و وتی: " شارۆچکەی گرێ سپی سەر بە کانتۆنی کۆبانێیە، بۆیە پەیوەندیەکی پتەو لەنێوانماندا هەیە، بەڵام بە هۆی هەندێک تایبەتمەندی جیاواز و هەڵکەوتەی شارۆچکەکە نیمچە سەربەخۆییەکشمان هەیە. بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کار بەڕێوە دەبەین، کە لە ژنێک و پیاوێک پێکدێت، هەروها نوێنەری سەرجەم چین و پێکهاتەکانیش لەناو بەڕێوەبەری دا جێدەگرن.
مەدینە موسلیم، هاوسەرۆکی شارەوانی گرێ سپی، لە کۆتاییشدا باسی لە ئابڵۆقەی ئابوری کرد و ڕایگەیاند: "هەرچەند ئابڵۆقە بسەپێنن و گەمارۆی هەرێمەکەمان بدەن، ئەوا زیاتر ئێمە دەستپێشخەری دەکەین لە بەرهەم هێنان و چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکان، بە گوێرەی دەرفەتەکانمان بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەو ئازوقە و پێداویستیانەی بەردەستمان هەن بەکاریان دێنین.
(ش ب)