چالاکوانان ستایشی ڕۆڵی ژنان لە ئۆپراسیۆنی ڕەقا دەکەن

09:58

ژنها

سلێمانی- دوای ئەوەی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی باکوری شاری ڕەقای سوریا لەلایەن هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە سەرپەرشتی ژنە فەرماندەیەکی کورد دەستی پێکرد، سەرنجی زۆری ژنانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ژنان لە باشوری کوردستانیش ئەم هەنگاوە وەک بەردەوامی سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژئاوا هەڵدەسەنگێنن.

ئاهورا کوردستانی، چالاکی مەدەنی سەرەتا پیرۆزبایی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و سەرجەم گەلانی سوریا کرد، ئاهورا وتی: "ئۆپراسیۆنێک لە باکوری ڕەقا بەسەرپەرشتی فەرماندەیەکی ژن بەرێوەدەچێت، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی هەموومانە، هەڵبەت وەک دەزانین پێشتریش ژنانی کۆبانێ توانیان ببنە ناسنامەی ژنانی کورد لە جیهان. دەتوانین بڵێین ئەمە لە خۆڕا دروست نەبوو، بەڵکو ژنان ڕەنج و ماندووبوونی زۆریان دا تا توانیان زەمینەی ئاستی بە فەرماندە بوونی ژن و توانای بەرێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی لەم ئاستەیان بئافرێنن."

ئاهورا جەختیشی کردەوە: "ئەم ئاستەی ژنانی کورد پێی گەیشتوون شایەنی ئەوەیە کە لێرەش چاویان لێبکرێت، لێهاتووی و توانای ئەوان لە کەسێتی خۆاماندا بەرجەستە بکەین." هاوکات ئاهورا کوردستانی، دەستخۆشی لە ژنان ڕۆژئاوا و بەتایبەتی لەو فەرماندە ژنەی هێزەکانی سوپای سوریای دیمورکراتی کرد.

هەورها کیشوەر شەریف ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، لەوبارەیەوە وتی: "مایەی خۆشحاڵیە بۆ ئێمەی ژنان لە باشوری کوردستان کە ئۆپراسیۆنێک لە ئاستی جیهانی دا چاودێری دەکرێت و بەسەرپەرشتی ژنێکی کورد بەڕێوە دەچێت. هەڵبەت ئێمەش وەک ژنان لە باشوری کوردستان ئەگەر بە ڕاستی جەوهەری خۆمان بناسین، بزانین کە چ هێز و وزەیەکمان هەیە، ئەگەر ئێمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی پیاو بێنین، ئەوا دەتوانین هەر ئەرک و بەرپرسیاریەک جێبەجێبکەین، دەتوانین خۆمان بگەینین بە ئاستی ئەو فەماندە ژنە."

کیشوەر ئاماژەشی بەوە کرد کە ژنان بە ڕێکخستن بوون و پەروەردە دەتوانن بگەن بە ئاستی هەرەبەرز لە ناو کۆمەڵگادا کۆتایی بە داعش بێنن، ناوبراو وتیشی: هێزی ژنان دەتوانێت کۆتایی بە داعش بێنێت، لەباشوری کوردستان و عێراقیش دەتوانین دەستپێشخەری ئەوە بکەین کە داعش لە موسڵ و لە هەرێمەکە بە گشتی وەدەرنێین و کۆتایی بەو فاشیزمە بێنین."

(ش ب)