رژاک، خولێکی پەروەردەیی بۆ ژنان کردەوە
10:06
ژنها
سلێمانی- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە شاری سلێمانی خولێکی پەروەردەیی بۆ نزیکەی ٢٠ ژن کردەوە.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) لە بەردەوامی کاروخەباتەکانیدا بۆ پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیر و هۆشیاری ژنان و پێشخستنی ئەندامانی، دوێنێ پێنجشەمە خولێکی پەروەردەیی بۆ ژنان کردەوە، لە سەر چۆنێتی بەرێوەچوونی ئەو خولە ئەڤین زیلان ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد بە ژنهای ڕاگەیاند: ئەو خولەی پەروەردە بەبەشداری نوێنەری ژنان لە زۆربەی شارەکان دەستی پێکردوە."
ئەڤین زیلان ئاماژەی بە ناوەرۆکی پەروەردەکەیان کرد و وتی: "لەم خولەی پەروەردەدا دەمانەوێت تێکۆشان و مێژووی ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بە ژنان بناسێنین، بەتایبەتیش تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازدیخوازی ژنانی کورد. هەروەها لەسەر روبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بابەتمان هەیە. هاوکات چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمفیدرالیزم و نەتەوەی دیموکرات بە ڕووانینی ژنەوە دەخەینە ڕوو. وەک ژن چۆن لە ناو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا بەرگری لە خۆی بکات و ڕووبەڕووی گرفت و پێشهاتەکان ببێتەوە بابەتی تایبەتمان بۆ ئەمەش هەیە. هەروەها چەند بابەتێکیشمان هەیە بۆ گفتوگۆ کردن، دەمانەوێت بە پێشخستنی گفتوگۆیەکی چڕوپڕ بگەین بە ئامانجی پەروەردە."
ناوبراو لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوە کرد کە خولەکەیان بۆ ماوەی ٧-٨ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و نزیکەی ٢٠ ژن بەشداریان تیا کردوە."
(ش ب)