لە خانەقین مۆنۆمێنتی ژنانی شۆڕشگێڕ كرایەوە
10:22
ژنها
خانەقین- ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان- رژاك، لە شارۆچكەی خانەقین، بە مەراسیمێك مۆنۆمێنتی ژنانی شۆڕشگێڕی كردەوە.
كاتژمێر ٦ی سەر لە ئێوارەی دوێنێ، ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی بەشێك لەژنانی پارت و ڕێكخراوەكان، لە گۆڕستانی خدر زندە لە شارۆچكەی خانەقینی سەر بە قەزای دیالە، مۆنۆمێنتی ژنانی شۆڕشگێڕی كردەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا، مەهاباد فایەق بەیاننامەی رژاک ی خوێندەوە، لە بەیاننامەكەدا هاتبوو: "لەخەباتی رزگاری نەتەوەی ئێمەش وەكو گەلی كورد كەم تاكو زۆر ژن رۆڵی هەبوو لە رابردووی خەباتی كوردایەتی، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ئازادی و رزگاری نەتەوەی لە باكوری كوردستان، ژنان پشكی شێریان بەر كەوت لە خەبات و بەربرسیارتی و تێكۆشان، ئەویش هەڵقوڵاوی ڕێبەر عبداللە ئۆجەلان بووە".
لەبەشێكی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: "ئێمە وەك ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان، شانازی بە هێڵی ئازادی ژنە بەرخۆدان وانەكان دەكەین، وەكو مانیفەستۆیەكی ژیان، تێكۆشانیان بۆ كار و خەباتی خۆمان بەبنەما وەردەگرین, بۆ خۆبەرپرسیار دیتن لەبەرامبەر بەرز ڕاگرتنی خەبات و تێكۆشانی ژنان، وەك رژاك خۆمان بە پاڵپشت بۆ هەموو ژنان دەزانین، بەتایبەت ژنانی خۆڕاگر و شوێن پەنجە دیار".
هەر لەمەراسیمەكەدا لەلایەن یوسرا ڕەجەب هاوسەرۆكی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان، بەیاننامەی ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: "ژنی كورد هەر لەسەرەتای پیلانە چەپەڵەكانی داگیركەرانی كوردستان و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان، شۆڕشگێڕانە بەرەنگاری لە خاك و نیشتمان و گەلەكەمان دەكەن، هەر لەو كاتەوە دوو جۆر شۆڕشیان دەستپێكردووە، شۆڕشی یەكەم دژ بە داگیركەرانی خاكەكەیان بووە، شۆڕشی دووەمیان دژ بە ئەقڵییەتی ڕەگەزپەرستی و پیاوسالاری بووە، كە ئەویش دەستی داگیركەرانی لەپشتە، چوونكە لەمێژە دوژمن خوێندنەوەیەكی وردیان كردووە بە كەسایەتی و هێز و ئیرادەی ژنی كورد".
لە درێژەی مەراسیمەكەدا، وتەی هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، یەكێتی ژنانی كوردستان، مەكۆی كەلاری بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، خوێندرایەوە.
(ش ب)