ئایسەل ئاڤێستا: بەردەوام دەبم لەگەڕان بەدوای ڕاستەیەکاندا

09:15

ژنها

هەولێر- ئایسەل ئاڤێستا ڕۆژنامه‌نوس و پێشکه‌شکاری که‌ناڵی ستێرک تیڤی، دوای ئەوەی له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ده‌ستبه‌سه‌رکرا و لە ڕۆژی پێنجشەمە ئازادکرا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژنهادا بەوردی باسی لە هاتنی خۆی بۆ کوردستان و هاوکات باسی لەو ماوەیە کرد کە بێ سەروشوێن بووە و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان لە گۆڕەپانی ڕاگەیاندنی ئازاد دا.

ئایسەل ئاڤێستا سەرەتا باسی لە ئامانجی هاتنی خۆی کرد بۆ کوردستان و وتی: ١٥ ڕۆژ بەر لەنەورۆز لە وڵاتی بەلجیکاوە لە تەلەفزیۆنی (STÊRK) بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی ڕۆژئاوا و شەنگال بکەم و هەندێک بەرنامە ئامادە بکەم هاتمە کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین بەرنامەم ئامادەکرد. سەرەتا چووم بۆ سلیمانی هەندێک بەرنامەم لەسەر ژنان و لەسەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئامادەکرد. دوای ئەوەش لە ڕێگەی دهۆکەوە بە فەرمی چووم بۆ شەنگال، ئامانجی چونیشم، ئەوە بوو هەم وەک ژنێکی ئێزیدی هەمیش وەک ڕۆژنامەوانێک، دوای کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٤ بۆ یەکەم جار بچمە شەنگال. لە هەمانکاتدا چوارشەمەی سور بوو کە لەناو باوەڕی ئێزدیەکان جەژنێکی زۆر پیرۆزە. بەتایبەتیش بارودۆخی دەرونی ناو کۆمەڵگا ببینم و بیگەیەن بە ڕای گشتی. ژنان زیاتر لە هەموو کەسێک لەو فەرمانە ئازاریان چەشت و ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە، بۆیە چەندین بەرنامەشم لەسەر دۆخی ژنان ئامادەکرد."

ناوبراو لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بە چوونی خۆی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "هاوکات کاتێک من لە شەنگال بووم هەڵمەتی ئازادکردنی گوندەکانی شەنگال دەستی پێکرد. بۆیە لەنزیکەوە ڕووماڵی هەواڵی شەڕو بەرخۆدانیشم کرد و دواتریش شەڕی قامیشلۆ ڕوویدا لە نێوان رژێمی ئەسەد و هێزکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا، بۆیە لەگەڵ هاوکارانم بە شێوەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانەوە چووم بۆ ڕۆژئاوا و دوای حەفتەیەک کە دۆخەکە هێور بووەوە جارێکیتر لە ١٩ی گوڵان گەڕامەوە شەنگال و چونکە پێویست بوو ٢٥ گوڵان بگەڕامەوە بۆ ئەوروپا."

ئایسەل ئاڤێستا باسی لە چۆنێتی دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی پارتی کرد: " دوای ئەوەی دوو خاڵی پشکنینم تێپەڕاند لە سێیەمینیاندا کە خاڵی پشکنینی 'سوێلا'یە، لەوێ پێیان وتم؛ ' بەخێر هاتی ئایسەل ئاڤێستا'! پێیان وتم لە کوێوە دێیت؟ وتم؛ لە شەنگال، وتیان نا ئێمە دەزانین تۆ چوویتە سوریا و سوریاش دەوڵەتێکیترە، وتم؛ چوومە ڕۆژئاوا من بە سنوری نێوان ڕۆژئاوا و باشوردا تێپەڕیم و سنوری سوریام بە چاو نەدیوە. پێیان ڕاگەیاندم کە بەبێ مۆڵەت چوومەتە هەرێمی شەڕ و ماوەی دوو کاتژمێر لە ئاسایشی سوەیلا ڕایانگرتم، دوای ئەوە پێیان وتم؛ باشە لە ژێر بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم شتێکت بەسەر نەهاتوە ئێستاش دەتنێرین بۆ گەراجی دهۆک، گوایە منیان دەبرد بۆ گەراج منیان برد بۆ لێپرسینەوە و هەموو شتێکیان لێسەندمەوە و ناسنامەیان لە دەست دەرهێنام. دوای ٢ کاتژمێر ڕەوانەی ئاسایشی گشتی دهۆکیان کردم، سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە، لەنێو ئەو سێ ڕۆژەدا مامەڵەی زۆر خراپیان بەرامبەر کردم وەک ئەوەی کە ئەو کەرستانەی لێیان سەندووم وەک جەنتاو کامێرا کەلوپەلی کردەوەی تیرۆر بن و بەو شێوەیە مامەلەیان لەگەڵ دەکردم. جۆرە هەڵسوکەوتێک بێڕێزیان دەنواند بەرامبەر بە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ."

لە بەردەوامی گێڕانەوەی خۆیدا ئاڤێستا وتی: " لەو ئاسایشەش سێ رۆژ و شەو منیان هێشتەوە، منیان خستە ژورێک کەسەقفی نەبوو، بەشەوان ساردبوو بە رۆژیش گەرم، سەرم ئازاری هەبوو، تا دوو ڕۆژ پرسیاریان نەکرد ئاخۆ برسیم یان تینۆم، لەبەر ئەوەی هەڵسوکەوتیان نامرۆڤانە بوو منیش بڕیارمدا هیچ نەخۆم، دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیم زۆر خراپ بوو زۆر ترسان دکتۆریان هێنا، پاشان منیان جارێکیتر برد بۆ لێپرسینەوە و سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردم. ویستیان دەستگیرکردنەکەم بکەنە بابەتێکی سیاسی و وتیان بۆچی چووی بۆشەڕ ئەگەر شتێک ڕوویدابووایە ئێمە بەرپریسار بووین. منیش پێیانم وت؛ ئێوە بەرپرسیاری ٥٠٠٠ ژنی ئێزدیش بوون کە دیلی دەستی داعشن، بەرپرسیاری هەزاران هاوڵاتی شەنگال بوون. ئێوە بەرپرسیاری ئەو چوار هەزار ئێزیدیەن کە ئاوار بوونە، بەرپرسیاری ئەو ئێزیدیانەن کە لە ژێر ئابڵۆقەی ئابوری ئێوەدان. منیش لەوان نازادار تر نیم. دوای چور ڕۆژ منیان برد بۆ گرتوخانەی 'هیتیت'ی ژنان لە دهۆک. چوار ڕۆژیش لەناو ئەواندا مامەوە. لە سەرتای دەستبەسەرکردنمدا داوام کرد بە تەلەفۆن پەیوەندی بگرم لەگەڵ کەسوکارم لەگەڵ هاوکارانم تا حەفتەیەک هەر وتیان؛ باشە هیچ ڕێگەشیان نەدا پەیوەندی بەدەرەوە بگرم و ئاگاداری هیچ نەبووم. دوای حەفتەیەک منیان بردە دادگا لە دادگادا بڕیار درا ئازاد بکرێم، بەڵام جارێکیتر ڕەوانەی گرتوخانەیان کردمەوە."

ئایسەل لە کۆتایشدا سوپاسی هەڵوێستی هاوپیشە و هاوکارانی کرد و جەختیشی کردەوە: "من دەمزانی کە هاوکارانم بەتەنیام ناهێڵن، بەڵام بەو ئاستە خاوەنداریم لێبکەن نەمدەزانی، بەڕاستی ئەو هەڵوێستەی ژنان و هاوکارانم ئەرکی منیان قورستر کرد ئەمجارە نەک تەنها گرتن بەکوشتنیش واز لەوکارەم ناهێنم و لەژێر دروشمی گەڕان بەداوای ڕاستیەکان بەرداوام دەبم لە ئەرک و خەباتی خۆمدا."

(ش ب)