"بەشداری کردنی ژنان لە گۆڕەپانی ئابوریدا سەرکەوتنێکیتری شۆڕشی ڕۆژئاوایە"
10:42
شیندا عەبدوڵا/ ژنها
دربێسیە – ژنانی شارۆچکەی دربێسیەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی برەودان بە ئابوری سێ شوێنی کارکردنیان کردۆتەو، بەرێوەبەری دەستەی ئابوری ژنانیش لەو شارۆچکەیە ڕادەگەیەنێت کە بەشداری کردنی ژنان لە گۆڕەپانی ئابوریدا سەرکەوتنێکیتری شۆڕشی ڕۆژئاوایە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ڕێکخستنی لە گۆڕەپانی ئابوری، یاسایی، تەندروستی و ژینگەیی دەستیان کردوە بە بونیادانانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان. پێشەنگی دامەزراندی هەر دامەزراوە و هەر هەنگاوێکی نوێ ژنانن، بەتایبەتیش لە بواری پێشخستنی ئابوریدا. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کارگە و شوێنی کارکردنیان دامەزراندوە کە پێیان دەڵێن کۆپەراکتیف، (واتا کارگەی هەرەوەزی و پێکەوە کارکردنی ژنان). لە شارۆچکەی دربێسیەی سەربە کانتۆنی جزیرەش ژنان چەندین پڕۆژە و کارگەی برەودان بە ئابوری بەڕێوە دەبەن و لەسەر چۆنێتی کار و خەباتەکانیان، "گولستان بەشیر" بەرێوەبەری دەستەی ئابوری ژنان لەو شارۆچکەیە ڕایگەیاند کە بەشداری ژنان بەڕێژەیەکی چاوەڕوان نەکراوە و بە سەرکەوتووی کارەکان بەڕێوە دەچن.
گولستان بەشیر وتی: ئێستا لە شارۆچکەی دربێسیە سێ شوێنی تایبەت بە ژنان هەن کە کاری تیادەکەن، یەکێکیان تایبەتە بە کشتوکاڵ و یەکێکیش هی بەخێو کردنی مەڕوماڵات و بەرهەمەکانیانە و ئەوەی سێیەمیشیان باخچەیە و ژنان بە شێوەیەکی چالاکانە و بە رێژەیەکی زۆرەوە بەشداری تیادەکەن. ئەم خەباتەی ژنانیش کاریگەی زۆری هەیە و بارودۆخی ئابوری لە شارۆچکەکە گۆڕیوە، ئەو گرفتانەی بە هۆی ئابڵۆقەی ئابوری سەر ڕۆژئاوا هەبوون تا ئاستێک چارەسەر کراون."
گولستان ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەزمونێکی نوێ و سەکەوتویان لەبەردەستدایە و جەختیشی کردەوە: "هەرچەند ژنان بەدرێژایی مێژوو پێشەنگی کۆمەڵگە و بەرهەم هێنان بوونە، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان سیستەمی دەسەڵاتدار مرۆڤی لە ڕەنج دوورخستبۆوە بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو خەباتەی ئێستا ژنان بە تایبەت و بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان بەڕێوەی دەبەن ئەزمونێکی نوێیەو زۆریش سەرکەوتوە."
گولستان بەشیر بەرێوەبەری دەستەی ئابوری ژنان لە شارۆچکەی دربێسیە، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند کە ئامانجیان ئەوەیە ژنان بخەنەوە نێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا و وتیشی: "بەشداری کردنی ژنان لە گۆڕەپانی ئابوریدا پێشکەوتنێکیتری شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ژن دەتوانێت بە ڕەنگی خۆی ئابوری سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە."
(ش ب)