فەرماندەیی گشتی 'یەپەژە': تێکۆشانی بێریڤان و سڵاڤا بۆ هەمیشە گەش دەکەین
15:37
ژنها
ناوەندی هەواڵەکان- فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە سێیەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی پێشەنگانی سۆڕشی ڕۆژئاوا بێریڤان و سڵاڤا دا لێدوانێکی نوسراوی ڕاگەیاند.
فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن(یەپەژە) سەرەتا لە کەسێتی بێریڤان و سڵاڤادا سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی بیردێنێتەوە رادەگەیەنێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەی دیموکراتی ماوەی شەش ساڵە بەبەردەوامی بەرفراونتر دەبێت، لەناو ئەو شەش ساڵەشدا لەبەرمبەر هێزە دەسەڵاتدارەکانی جیهان و لە بەرامبەر ئەقڵیەتی کۆنەپەرستیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە پێشەنگی ژنانی کورد و لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مێژوویدا ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت. لەنێو ئەو بەرخۆدانەشدا یەپەژە توانیویەتی ببێتە هێزێکی پێشەنگ لە هەرێمەکەدا. هەڵبەت ئەوانەی کە زەمینەی ئەم ئاستەی ئەمڕۆ ژنان پێی گەیشتوون ژنانی وەک هەڤاڵان سڵاڤا و بێریڤان بوون. بە هەزاران هەڤاڵی قارەمان لە سەر ڕێبازی ئەوان گیانی خۆیان بەختکرد. ئەمڕۆش لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ڕێبازی پیرۆزی ئەوان بە پێشەنگایەتی 'یەپەژە' هەموو هێزە داگیرکەرەکان شکست دێنن. لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر فاشزمی داعش و هاوکارانیان لە هەموو ڕوێکەوە بەرخۆدانێکی بێوێنە تۆمار دەکرێت."
"تێکۆشانی 'یەپەژە' تەنیا بۆ بەرگریکردن لە ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان نیە"
فەرماندەیی گشتی 'یەپەژە' لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: "ئێمە وەک 'یەپەژە' تەنیا هێزێکی شەڕ نین، بەڵکو خۆمان بەرپرسیار دەبینین لەبەرامبەر هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان و سەرجەم ژنانی جیهان. یەپەژە پشت دەبەستێت بە ئەزموونی چل ساڵی تێکۆشانی ژنانی کورد لە ناو بزوتنەوەی ئازادی خوازی گەلی کورددا، بۆیە توانی لە ناو چەند ساڵێکدا بگاتە ئەو ئاستەی پێشەنگایەتی بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات."
یەپەژە لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا ئاماژە بە هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی سەر گەلی کورد و ژنان بەتایبەت دەکات و دەڵێ: "لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا گەلەکەمان و ژنان ڕووبەڕووی قڕکردنی سیاسی، کلتوری و سەربازی دەبنەوە، بەڵام وەک دەبینین هێزێک لێرە دروست بوو کە توانی لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بووەستێتەوە و چەندین دەسکەوتی گرنگیش بەدەست بخات، توانی پیشانی هەموو جیهانی بدات کە هێزی ژنان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی."
یەپەژە لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕادەگەیەنێت: "کاتێک چاوی نەیاران لەوە بوو بەرخۆدانی کۆبانێ شکست بێنێت، بەڵام بە خاوەنداری کردنی گەلی کورد بەتایبەتیش گەلی کورد لەباکوری کوردستان و بە گیانبەختکردنی سەدان شەرڤانی قارەمان، دوژمنی مرۆڤایەتی لە کۆبانێ شکستی هێنا و تەنانەت دەتوانین بڵێین لەناوچوون. چۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان بە خوێنی هەزاران شەهیدی وەک "بێریڤان، سلاڤا، وارشین، گولان، ئۆزگور و هەبوون شۆڕشی مرۆڤایەتی سەرکەوت، هاوکات لە باکوری کوردستانیش سێڤێ و پاکیزە و فاتمە پێشەنگی بەرخۆدانێکی بێوێنەیان کرد و گەیشتنە پلەی بەرزی شەهید بوون."
فەرماندەیی گشتی 'یەپەژە' لە سێیەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی دوو فەرماندەی خۆی بێریڤان قەلەندەر و سلاڤا عەفرین بەڵێنێ بەرزڕاگرتنی یادەکەیان و گەش کردنی تێکۆشانیان دەدات.
مریەم محەمەد ناسراو بە(سلاڤا عەفرین) و بێریڤان قەلەندەر لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ لە بناری کێوی کرمانج لە ئەنجامی شەڕێکی سەخت لەگەڵ چەتەکان لەگەڵ سێ لە هەڤاڵانیان شەهید بوون.
(ش ب)