سەباحەت تونجەل وەک هاوسەرۆکی گشتی "دەبەپە"هەڵبژێردرا
18:22
ژنها
ئەنقەرە- ئەمڕۆ شەممە لە شاری ئەنقەرە چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان ناسراو بە (دەبەپە) ئەمجاندرا و لە کۆنگرەکەدا سەباحەت تونجەل و کامەران یوکسەک وەک هاوسەرۆکی گشتی پارتەکە هەڵبژێردران.
چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی(دەبەپە)، لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هاوسەرۆکی گشتی کامەران یوکسەک لە گرتوخانە دایە و ڕاگەیاندرا کە کۆنگرە بە ڕۆحی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریەکان کۆبووەتەوە.
ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بە جلوبەرگی نەتەوەی لە کوردستانەوە بەشداری کۆنگرەکەیان کرد، هاوکات نوێنەرانی زۆرێک لە وڵاتان و لایەنە سیاسیەکان بەشداری کۆنگرەکە بوون.
لە هۆڵی کۆنگرەکەدا وتەی محەمەد تونج کە لە بەرخۆدانی جزیرەدا گیانی بەختکرد بەلافیتە هەڵواسرابوو کە دەڵێت"ئەستۆمان نەتەواند و سەرتان بە ئێمە بەرز بێت" و دروشمەکانی "بەرەو شۆڕشی ڕۆژئاوا هەنگاو دەنێین"، ئازادی بۆ ئۆجالان" و "بە شۆڕشی ژنان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بونیاد دەنێین" هەڵواسرابوون.
دوای ئەوەی دیوانی کۆنگرە هەڵبژێردرا، تونجەر باکر خان هاوسەرۆکی شارەوانی شاری سێرت و موقەدەس قوبیلای وەک سەرۆکی دیوان دیار کران. پاشان بە خولەکێک وەستان و وتنەوەی سرودی "هەڕنە پێش" لەلایەن سەدان کەس و دروشمی شەهیدان نامرن دەست بە کۆنگرە کرا.
سەرەتای کۆنگرە حافیزە ئیپەک هاوسەرۆکی (دەبەپە)ی شاری ئامەد کە پێش چەند ڕۆژێک لە زیندان ئازاد کرا وتەیەکی پێشکەش کرد و ئەو کەسانەی کە لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی گیانیان بەختکردوە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە تێکۆشانی بەرخۆدانڤانان تێکۆشانی ئێمەیە."
پاشان پەیامی کامەران یوکسەک هاوسەرۆکی دەبەپە کە لەگرتوخانەی شاری ئەدەنە دایە، لەلایەن هاوسەرۆکی شارەوانی شاری سێرت تونجەر باکرخان خوێندرایەوە.
" چارەسەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کۆماری دیموکراتییە "
لەپەیامەکە یوکسەدا هاتبوو:" ڕێگەی چارەسەری بۆ گەلی کورد لەناو حزبێکدایە کەلە وڵاتەکەی خۆیانە و تێگەیشتن لە بەگەل بوونە، پەروەردە بەزمانی دایک و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری هەرێمییە کە بتوانن ئیدارەی خۆیان بکەن و خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، لەوچوارچێوەیەشدا ئێمە وەک دەبەپە داوای کۆماری دیموکراتی دەکەین و باوەڕمان بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییە ".
کامەران یوکسەک لە پەیامەکەیدا و وتبوی: چارەسەری پرسەکانی کورد بەڕێبازی دوور لە توندوتیژی سود بەوڵات و کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بۆئەوەش قۆناغی دانوسانەکانی چارەسەری ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بووە باشترین ئەزموون، لەوچوارچێوەیەشدا ناوبراو داوا دەکات جارێکی تر دانوسانەکانی قبوڵ بکرێتەوە و دەڵێت:" دەبێت هەلومەرجی ئازادی بۆ ئۆجالان بئافرێندرێت و نابێت ئەو لە زینداندا بێت، تا بتوانیت ڕاستەوخۆ قۆناغەکە بەڕێوەببات، لەگەڵ هەموو لایەکان دانوسان بکات، ڕێگەی دیالۆگ و پرسەکان فەراهەم بێت .لەکوێ دەبێت با ببێت لە زیندان یاخود لە دەرەوە،هەرگیز لە تێکۆشانەکانمان بۆ ماف، ئازاد و دیموکراسی و سیاسەتی چارەسەریمان پاشگەز نابینەوە، ئەگەر پاشگەز بووینەوە ئەو کاتە مانای ئەوەیە کە سەرنەکەوتوین، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و سەرداناخەین، هەموومان دەژین و دەبینین کە تێکۆشانەکانی ئازادی، ماف و دیموکراسی سەردەکەوێت و زۆردار تێکدەچێت."
پاشان سەباحەت تونجەل پەیامێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "پێمان دەڵێن دەبێت لەبەرامبەر ئێمەدا سەردانەوێنن!. ئێمەش لێرەوە پێیان دەڵێین هەرگیز سەر دانانەوێنین. هەرچەند لە دۆخێکی وەهادا واتای وتە نەماوە بەڵام دەبێت تورکیا ئیتر بڕیارێک بدات. حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان وڵاتی تورکیایان بەرەو لەناوبردن و هەڵوەشانەوە بردوە، ئێمە داوای هیچ ناکەین تەنها داوای ئەوە دەکەین بکشێنەوە ئێمە دەتوانین بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری باشترین سیستەم چارەسەری بونیاد بنێین."
هاوکات لە کۆنگرەکەدا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی گشتی "هەدەپە" پەیامی خۆی پێشکەش کرد و وتی: "ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمڕۆ لەدەروروبەری کۆشک ئەنجامدراوە، پەیامی ئەوەمان پێدەدات کە سەد ساڵیتر نکۆڵیتان لێدەکەین. بە سیاسەتی نکۆڵیکردنیش هەرگیز ناتوانن هیچ چارەسەریەک ئەنجام بدەن بەڵکو ئاڵۆزیەکان قوڵتر دەبنەوە." ناوبراو وتەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکەی بیر هێنایەوە کە دەڵێت: "ئەگەر لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان کار نەکەین ئەوا هەموو هەوڵێک ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە" هەروەها وتیشی: "ئۆجالان شەو ڕۆژ بۆ ئەوەی کۆتایی بە خوێن ڕژتن بێت کاری کرد، بەڵام لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە بەرزە، کەسێک هەیە کار بۆ ئەوە دەکات چۆن ببێتە سەرۆک."
دەمیرتاش لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەوان وەک "هەدەپە" لەپێناو بونیادنانی پێکەوە ژیانی گەلان تا دواین هەناسە کار دەکەن و ئەگەر لە کونجی زیندانیش بێت ئەوان کۆڵنادەن."
هاوکات هەریەکە لە لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی و چەند کەسێکیتر لە کۆنگرکەدا وتاری خۆیان پێشکەش کرد.
تیایدا دەستەی بەڕێوبەری نوێ بە دەنگدان هەڵبژێردرا، هەڵبژاردنەکە بە یەک لیست ئەنجامدرا و تیایدا کامەران یوکسەک کە ئێستا لە زیندانی تورکیادایە لەگەڵ سەباحەت تونجەل بە هاوسەرۆکانی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان (دەبەپە) هەڵبژێردران.
هەروەها 70 کەس بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارتەکە هەڵبژێردران.
لەهەمان کۆنگرەدا حەوت کەس بۆ دەستەی دیسپلینی ناوەندی هەڵبژێردران.
جێگەی باسە لە ناو ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان ٣٢ ژن جێدەگرن.
(ش ب)