سەباحەت تونجەل: لە کوردستاندا خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بونیاد دەنێین
11:50
دویگۆ ئەرۆل/ ژنها
ئەنقەرە - هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیمورکراتەکان رادەگەیەنێت، چۆن لە کۆبانێ سور، سلۆپی، نوسەیبین، گەڤەر و شرناخ گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشەکان بوو بە هێزی بەرگری و لە ئاستێکی بەرزدا هەڵسایە سەر پێ و خاوەنداریان لە خۆبەرێوەبەری کرد، بەو شێوەیە سورین لەسەر ئەوەی لە کوردستان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بونیاد بنێین.
سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی پارتی هەرێمە دیمورکراتەکان(بەدەپە)، هەڵسەنگاندێکی لەسەر چۆنێتی بەرێوەچوونی کاروخەباتەکانیان لە پرۆسەی ئێستادا کرد و ڕایگەیاند: "هەڵبژاردنی کامەران یوکسەک(ئێستا لە گرتوخانەی ئەدەنا دایە) وەک هاوسەرۆکی گشتی (بەدەپە) هەڵوێستێکە لەبەرامبەر هێرش و قڕکردنی سیاسی سەر گەلی کورد."
سەباحەت تونجەل جەختیشی کردەوە: "هاوسەرۆکایەتی بە خەباتێکی هاوبەش بەڕێوەدەچێت، ئێمەش بەتەنیا نا بەڵکو هەموومان بە یەکەوە بەرنامە و پڕۆژەکانی بەردەستمان بەڕێوە دەبەین. کۆنگرەکەمان لە کاتێکدا بەڕێوەچوو، کە تورکیا بەناو گەورەترین ئاڵۆزی و قەیراندا تێپەڕ دەبێت، ئەو قەیرانەش تەنیا کاری لە کوردستان نەکردوە، بەڵکو سەرجەم گەلانی تورکیای گرتۆتەوە، ئەگەر سەیری کۆمەڵگا بکەین دەبینین لەلایەک کرێکاران لە مانگرتن دان، لەلایەک ژنان ڕۆژانە لەسەر شەقامن و داوای مافەکانیان دەکەن. ئەو سیاسەتەی "ئاکەپە" دەیسەپێنێت دەیەوێت ئیرادە و هیواکانی کۆمەڵگا بۆ ژیانێکی ئارام لەباربەرێت، ئێمەش ئەو سیاسەتەی شەڕ و نکۆڵی بە دژبەری مرۆڤایەتی دەبینین و بە هیچ شێوەیەک قبولی ناکەین، لەبەرامبەردا ئەڵتەرناتیفی چارەسەریمان پێیە."
هاوسەرۆکی "بەدەپە" لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتر هیچ هێرشێک ناتوانێت کۆتایی بە ئیرادەی گەلێک بێنێت کە لەبەرامبەر هەڵوێستی ئاشتی خوازانەدا کۆمەڵکوژ دەکرێت، ناوبراو وتیشی: "لە پرۆسەیەکی وەهادا بە بڕیاربوون نیشانەی ڕۆشن کردنەوەی ئایندەی کۆمەڵگایە، بەرخۆدانی گەل پێویستیێکی مرۆڤایەتیە، ئەو بەرخۆدانیەی لە سور، سلۆپی و نوسەیبین لە لەبەرزترین ئاستدا پەرەی سەند تەنیا بۆ گەلی کورد نەبوو، بەڵکو بۆ ئایندە و شکۆی مێژووی مرۆڤایەتی قەڵەمبازیێکی گرنگ بوو. ئێستاش لە کوردستان ماڵی هاوڵاتیان دەڕوخێنرێن و زۆر گەڕەک و شارۆچکەیان وێران کردوە، بەڵام گەلی کورد بە سەربەرزیەوە هێشتاش لەناو بەرخۆدانی دایە."
سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(بەدەپە)، لە کۆتایشدا وتی: " بەرپرسیارێتیێکی گەورەمان لە ئەستۆ گرتوە، سورین لەسەر ئەوەی سیاسەتی دیموکراتی سەردەکەوێت و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە کوردستان بونیاد دەنێین. چۆن لە کۆبانێ سور، سلۆپی، نوسەیبین، گەڤەر و شرناخ گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشەکان بوو بە هێزی بەرگری و لە ئاستێکی بەرزدا هەڵسایە سەر پێ و خاوەنداریان لە خۆبەرێوەبەری کرد، بەو شێوەیە سورین لەسەر ئەوەی لە کوردستان خۆبەڕێوەبەری دیمورکراتی بونیاد بنێین."
(ش ب)