شەرڤانانی یەپەژە: هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان تورکیا و داعش
10:30
فیدان ڕێزان/ ژنها
عەفرین- شەرڤانانی "یەپەژە" هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین هەڵسەنگاند و رایانگەیاند کە چەندە هێرشەکان زیاتر ببن ئەوانیش بە گوێرەی ئەوە تێدەکۆشن.
دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هێزە داگیرکەر و زلهێزکان هەمیشە هەوڵیانداوە کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامگیر نەبێت و بۆ ئەمەش بە بێوەستان هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و هەر جۆرە ڕێبازێکی شەڕ تاقی دەکەنەوە.
بەتایبتیش دەوڵەتی تورکیا لە هەرسێ کانتۆنی ڕۆژئاوا چەندین جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سنوری ڕۆژئاوای بەزاندوە. هاوکات هاوکاری تورکیا بۆ داعش بەشێکی تری ئەو شەڕ و هێرشانە پێکدێنێت.
شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە کانتۆنی عەفرین هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر کانتۆنەکەیان هەڵسەنگاند و وتیان: "لەو ماوەیەی دوایدا چەتەکانی (داعش) بۆ چەندین جار لە خاکی تورکیا و بە پشتیوانی تورکیا هێرشیان کردۆتە سەر عەفرین و زیانی زۆریان گەیاندووە."
"هێشتا ئێمەیان نەناسیوە"
ڕووهەیڤ باهۆز شەرڤانی (یەپەژە) وتی: "ماوەیەکە چەتەکانی (داعش) بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا، هێرشەکانیان زۆرتر کردوە بۆ سەر عەفرین، ئەو هێرشانەی ئێستا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەگشتی و بە تایبەتیش لە سەر کانتۆنی عەفرین ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی لەنێو بردنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە، بەڵام دیارە ئەو دوژمنانە هێشتاش ئێمەیان نەناسیوە. هێشتا هێز و ئیرادەی ئێمەیان لە پێناو بە دەستهێنانی ئازادی نەدیوە. با قەڵای بەرخۆدانی کۆبانێ و شەنگالی دەروێشی عەبدی بیر خۆیان بێننەوە. ئەو کاتە باشتر تێدەگەن کە ئێمە کێین و کێ دەبین."
"گەل خاوەنداری لە تێکۆشانی شەرڤانی دەکات"
ئارژین تۆڵهەڵدان شەرڤانێکیتری یەکینەکانی پاراستنی ژنانە و بەو شێوەیە دوا: "هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی (داعش) هەردوکیان هێزی تیرۆر و ڕەشەکوژین، خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، ماڵی هاولاتیان وێران و تاڵان دەکەن، بۆیە هیچ جیاوازیەکیان نیە. بەڵام سەرەڕای هەموو هێرشە نامرۆڤانە و دڕندەکانیان گەل بە ئیرادەی خۆی پلانەکانیانی پوچەڵ کردۆتەوە. ئێمەش لە عەفرین لەبەرامبەر ئەوان تێکۆشان دەکەین و بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین. گەلەکەشمان خاوەنداری لە تێکۆشانمان دەکات و هیچ درێخیەک ناکات. هەڵبەت پێم وەیە ئەوەی کۆتاییش بەو هێرش و بەو دۆخە بێنێت سیستەمی فیدرال دیموکراتی ڕۆژئاوا-باکوری سوریایە."
"بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی کچ و کوڕان قارەمانێتی دەنوێنن"
هەروەها شەرڤانێکیتری (یەپەژە) بەناوی نارین پۆڵات سەرەتا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و وتی: "لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆچبەرکردنی هاوڵاتیان، لەماوەی دوایدا چەندین هێرشی جۆراو جۆر لە دەوروبەری عەفرین ئەنجام دەدەن. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا زیانێکی زۆر بەر هاوڵاتیان کەوتوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانیش گیانیان لەدەست داوە. بەڵام بەو ئاستەی هێرشەکان زیادیان کردوە ئێمەش خۆمان گەیاندۆتە هەر شوێنێک بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین و کچ و کوڕانی عەفرین بە قارەمانێتی و بە بەرپرسیاری شۆڕش جموجۆڵ دەکەن. ئێمەش وەک شەرڤانانی (یەپەژە) هەتا دوایی بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین و هەرگیز هەنگاو بەرەو دواوە نانێین."
(ش ب)