سنور کەریم: بەرەیەکی نیشتیمانی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە پێویستە
09:13
ژنها
سلێمانی- ئەندامێکی دەستەی بەرێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دەڵێت: نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا وەک جاران بە کۆمەڵێک تەنازولەوە دەگەڕێنەوە بەغدا و بەو ئەقڵیەتە نادیمورکراتیە هیچ شتێک ناگۆڕێت، کورد پێویستی بەبەرەیەکی نیشتمانی بەهێز هەیە.
سنور کەریم ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دواین بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بۆ ئاژانسەکەمان (ژنها) هەڵسەنگاند و وتی:" قەیرانەکانی باشوری کوردستان گەیشتونەتە ئاستی بنبەست بوون، هۆکارەکەشی ئەقڵیەتی نادیموکراتیە، بۆیە نەیتوانی پرسە گرنگەکانی نێو کۆمەڵگا چارەسەر بکات لەماوەی ٢٥ ساڵی حکومڕانی دەسەڵات لە باشوری کوردستان، پەکخستنی پەرلەمانیش لەو چوارچێوەیەدا لە جیاتی چارەسەر کردن لە ڕووی دەستوری و لەسەر بنەمای پێویستیەکانی کۆمەڵگا، کرایە ناکۆکیەک لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، بۆیە هەموو ئەو پرسانەی کە چەندین ساڵە پێویستیان بەچارەسەری هەبوو جارێکیتر گەیشتنە بنبەستبوون".
ناوبراو پێوایە کە یەکێک لەو پرسانەش پرسی ژنە کە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی باش نرابوو، گەیشتبوون بە ئاستێک کە ئیتر هەندێک شت لە ڕووی دەستوریشەوە بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە ئەم پرسە چەندین ساڵ گەڕاوە بۆ دواوە.
بۆ پرسی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم هەروەها گەڕانەوەی نوێنەرانی کورد بۆ بەغدا سنور کەریم دەڵێت:" ئەو ئەقڵیەتەی کە ئەمڕۆ و ٢٥ ساڵە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە، هەمان ئەقڵیەتیش لە بەغدا سیاسەتی کردوە، تا لایەنە کوردیەکان لەناو خۆیاندا هاوهەڵوێست نەبن ناتوانن لە بەغداش ببن بە هێزی چارەسەری، تەنانەت لە پەرلەمانیشدا پرسە گرنگەکان لەبیرکران وەک ماددەی (١٤٠) پرسی سنورەکان و پرسی پێشمەرگە، نوێنەرانی هەرێم تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی داخوازیەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆیە گەڕانەوشیان ئاسۆیەک نابەخشێت، پرسی زۆر لە بودجە گرنگتر هەیە دەتوانرا کورد باسی لێکردبووایە بۆ نمونە دەستورێک کە مافی گەلانی عێراق و گەلی کورد بەگشتی لەبەرچاو بگرێت، ئەوە چەندین جارە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بگەڕێنەوە هەرێم و جارێکیتر دوای کۆمەڵێک تەنازول لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد گەڕاونەتەوە بۆ بەغدا بۆیە شتێکی نوێ نەبوو بۆ هاوڵاتیان ".
ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمان کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کرد و وتی:" ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە دۆخێکی ئاوادا پێویست بوو، بەڵام بەو مەرجەی بکەوێتە خزمەتی هاوڵاتیان نەک لەسەربنەمای یەکسان کردنەوە و ڕێککردنەوەی باڵانسی هێز، دەبێت ئەو ڕێککەوتنانە ببن بە سەرەتایەک بۆ دروستبونی بەرەیەکی نیشتیمانی دیموکراتی، هیوادارین لایەنەکانیتریش هەنگاوی لەم شێوەیە بنێن، تا بتوانین بەرەیەکی نیشتیمانی کوردان دابمەزرێت، ئەو بەرەیە کار بۆ ئەوە بکات کە هەرێم لەم دۆخە ڕزگار بکات، دەستورێکی کۆنکرێتی بنوسرێتەوە و پەرلەمان چالاک بکرێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەرێم و بەغداش ئەم بەرەیە پێویستە.
سنور کەریم ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لەکۆتایشدا ڕایگەیاند کە ڕیفڕاندۆم تەنیا بانگەشەیەکەو وتیشی:" ڕیفراندۆم تەنیا بانگەشەیەکی حزبیە، لە ڕووی واقیعیەوە زەمینەی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئامادە نیە، چونکە پەرلەمان پەک خراوە، حکومەت بوونی نیە، سەرۆکێکی یاسایی نیە لە هەرێم، کام سەرۆک ئەو ڕیفراندۆمە بکات؟ هاوکات لەدەرەوەش زەمینەی ریفراندۆم ئامادە نیە، ئەو عەقلیەتەی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم دەکات هێشتا نەیتوانیوە سنورەکانی کوردستان لە زهنی خۆیدا بسڕێتەوە، بە هزری پارچەگەرایی دەجوڵێتەوە، لەماوەی دوو ساڵدا شۆڕشی ڕۆژئاوا بە کردار سنورەکانی سڕیەوە، بەڵام ئەوەی سایکس پیکۆ نەیتوانی لە ماوەی سەدەیەک بیکات ئەو ئەقڵیەتە جێبەجێی کرد، ڕیفڕاندۆم تەنیا بۆ سەرقاڵ کردن و درێژکردنەوەی کاتی دەسەڵاتی خۆیانە ".
(ش ب)