ئەفغانستان؛ کۆمەڵگایەک تایبەت بە خوێندنی ژنان دەکرێتەوە

12:21

ژنها

ناوەندی هەواڵ - پیاوێکی ئەفغانی بە هۆی ئەوەی نەبوونی پزیشکی بواری ژنان لە نەخۆشخانەدا دایکی لە ژێر دەستی پزیشکە پیاوەکاندا لەدەستدا، بۆیەش بڕیاریدا کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە خوێندنی ژنان دروست بکات.

بە گوێرەی کەناڵی BBC ، دوێنێ سێشەممە لە شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان کۆمەڵگەی پەروەردەیی (مور) تایبەت بە خوێندنی ژنان لە لایەن پیاوێکی ئەفغانییەوە کرایەوە ئەوەش پاش ئەوەی بە هۆی نەبوونی پزیشکی ژنانەوە نەتوانرابوو نەخۆشییەکەی دایکی چارەسەر بکرێت و گیانی لەدەستدابوو.

ئەو کۆمەڵگە پەروەردەیە لە باخچەی ساوایان، قوتابخانە، سەنتەری فێرکاری پزیشکی، زانکۆ، سەنتەری دەرمان، و بەشە ناوخۆیی پێکدێت و تایبەتە بە ژنان و بە بڕی ٨ ملیۆن دۆلار دروستکراوە.

خاوەنی پرۆژەکە رایگەیاندووە، کردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە تەنها لە بەرژەوەندی ژناندایە بە تایبەت ئەو ژنانەی موڵەتیان نیە لە قوتابخانە و زانکۆ تێکەڵەکان بخوێنن.

ئەگەرچی ئەم کۆمەڵگەیە بە خۆڕایی نیە و قوتابیان پێویستە بەرامبەر خوێندنیان پارە بدەن بەڵام گرنگی خۆی هەیە بۆ ئەفغانستان کە بە هۆی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان مافی خوێندنیان لێ زەوت کراوە.

رۆڵا غەنی خانمی یەکەمی ئەفغانستان کە پرۆژەکەی کردەوە، لە مەراسیمەکەدا ئەم کۆمەڵگەیەی بە دەرفەتێکی گەورە زانی بۆ ژنان و کچانی ئەفغانستان کە بتوانن خزمەتی بواری خۆیان بکەن.

ئەم کۆمەڵگەیە ئامادەسازی کردووە بۆ وەرگرتنی ١٢ هەزار خوێندکار و ئێستا ٢٠٠ ژن وەرگیراون و دەستیانکردوە بە خوێندن، لە ئێستادا ١٢٦ سەنتەری پەروەردەیی لە ئەفغانستاندا کراونەتەوە کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار قوتابیان وەرگرتووە.

(ش ب)