حوزەیران، مانگی بە یەکگەیشتنی خوداوەندەکان

15:34

ژنها

ناوەندی هەواڵ – گولان، زیلان و سەما، بە پەیوەستبونیان بە ئەشقی ئازادی، ژیان و بەهاکانیان، تێکۆشانی مانگی حوزەیرانیان واتادارتر کردوە. ژیان و چالاکی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرە زامنی ئاییندەیەکی نوێ و نوسینەوەی مێژووی هاوچەری کوردان بوو. هەڵوێستی ئەو ژنانە لە هەڵمەتی ١ی حوزەیراندا زیندوو کراوەتەوە و لەبەرامبەر تەسفیەی نێو خۆ و دەرەوە، بوو بە وەڵام، بووە وەڵامی پرسیاری دەبێت چۆن بژین؟

گولان، زیلان و سەما سێ ژنە شەرڤانی حەقیقەتی و هەمیشە ئامادە بۆ گیان بەختکردن، بە لە خۆبوردەیی و فیداکارانەوە ڕەنج و هەوڵدانێکی زۆریانداوە بۆ گەیشتن بە ئاستی خوداوەند بوون. هەرگیز کۆتایی بەو مرۆڤانەش نایەتە کە رێبازی ئەوانیان گرتۆتەبەر. ئەو سێ ژنە تێکۆشەرە لەکاتێک کە ئیتر وشە بەش ناکات و وتە واتای خۆی ون دەکات، بە چالاکی خۆیان گوزارشت لە تێکۆشانیان دەکەن، مانگی حوزەیرانیش بە هۆی ئەوەوانەوە واتادار دەبێت. ڕۆحی بەرخۆدانە بە ئەشقێکی هێندە مەزن ئەو ژنانەی بەرەو تێکۆشان و چالاکی بردوە. هەر بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئەوانە بوو هەڵمەتی ١ ی حوزەیران نەخشەی بۆکێشرا و زیندوو بووەوە.

زیلان مانیفەستۆێک و بانگەوازی ئازادیە

٢٠ساڵ بەر لە ئێستا لە دێرسم بوو، کە دەنگی پەیامێک هات، پەیامێک بوو دژ بە خۆ ڕادەستکردن، لە دژی داگیرکاری. "بۆ گەلەکەم ئەم چالاکیە ئەنجام دەدەم، هێز و مۆڕاڵ لە گەلەکەم دەگرم بۆ پێکهێنانی چالاکیەکەم، بەو شێوەیە بە سەر دوژمناناندا دەڕۆم، لەسەر بنەماکانی پەیوەست بوونم بە پارتەکەمان (پەکەکە)، ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێبازانم کە لە شاخەکان تێدەکۆشن، ئەو چالاکیەم ئەنجام دەدەم، دەمەوێت دەنگی من بگات بە هەموو جیهان، بەسە ئیتر ببیسن و چیتر چاو لە ئاست مافەکانمان نەپۆشن." ئەمە بەشێک بوو لە وتەکانی زیلان کە لەناو پەیامەکەیدا نوسیویوە.

زیلان (زەینەب کناجی) لە ٣٠ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٦ دا لە شاری دێرسمی باکوری کوردستان، بەچالاکیەکی بێوێنە لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی مرۆڤبوون هەڵدایەوە. زیلان خۆی بە ئەقڵیەتی کۆنەپەرستدا تەقاندەوە و کۆتایی بە سەردەمێک هێنا.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە بۆ زیلان دەڵێت: 'زیلان مانیەستۆیێکە، زیلان بانگەوازیە بۆ ئازادی. زیلان تێکۆشانی ئازادی ژنان و بیردۆزی رزگاری ژنانی هێنایە لای یەکتر و بووە سەرچاوەی تێکۆشانێکی مەزنتر."

سەما، خۆی لە خۆڵەمێش خۆی ئافراند

دوای دوو ساڵ لە چالاکیەکەی زیلان ئەمجارەیان "سەما یوجە" لە زیندانەوە سەری هەڵدا، سەما لە زیندانە تاریکەکانی تورکیادا لە ١٧ی مانگی حوزەیراندا وەڵامی بانگەوازی ئازادی زیلانی دایەوە و گیانی بەختکرد.

سەما دەڵێت: "دەمەوێت گەر بمرم ببم بە گەردێکی ئەتۆم، ببم بە سەرچاوەی باوەڕی و ئازادی، دەمەوێت ببم بەو تیشکە خۆرانەی لە سەر پرچی زیلان دەبریسکێنەوە."

سەما دەیەوێت بە گڕدان بە جەستەی بیسەلمێنێت کە ئەوە تەنیا ئەفسونێک نیە، ئەوەی دەیبینێت و دەیناسێت، حەقیقەتێکە. سەما لەنامەکەیدا دەڵێت چۆن لە ئاسمانێکدا دوو خۆر جێگەیان نابێتەوە، بۆ مرۆڤێک و بۆ ژنێکیش دوو شێوازی ژیانکردن نابێت.

گوڵان چەندین گوڵانی لەدوای خۆی جێهێشت

لە ٧ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٢دا گوڵان(فیلیز یەریلکایا) دێتە سەر شانۆی بەرخۆدانی، گوڵانیش سوێندی خواردبوو کە ڕێگای زیلان و سەما بەرنەدات. ژیان و تێکۆشانی ژنانی فیدایی وەک هێڵێکی تێکۆشان بەناو کردوە.

گوڵان کە یەکێک دەبێت لە پێشەنگانی هێزە تایبەتەکانی گەریلا لە ٧-٦-٢٠٠٢دا لە ڕووداوێک گوماناویدا تیرۆر دەکرێت.

هاوڕێکانی گوڵان بەو شێوەیە لەسەر گوڵانیان نوسیوە: "بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ گوڵان هێڵی فیدایی و سەربەخۆیی ژنان پێشدەخرێت، بوونی سیستەمێکی سەربەخۆی ژنان لەناو گەریلادا لە سایەی تێکۆشان و فیداکاری گوڵانەکانە. چونکە گولان لە ژیاندا خاوەن هەڵوێست و پلان بوو، دوژمنان ویستیان لە کەسێتی گوڵاندا گورز لە تەڤگەری فیدایی و هێڵی سەربەخۆی ژنانی ئازاد بدەن. بۆیە گوڵانیان بە شێوەیەک ترسنۆکانە و دڕندانە شەهید کرد. بەڵام گوڵانی هەمیشە هەڤاڵامان لە دوای خۆیدا هەزاران گوڵانی بە جێهێشتووە."

بە ڕۆحی هەرسێ ژنی تێکۆشەر هەڵمەتی ١ی حوزیران دەست پێدەکات

شتێکی رێککەوت نیە کە مێژوو خۆی دەسپێرێتە واتا مەزنەکان. گیانی بەرخۆدێری ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرە لە هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا زیندوو دەبێتەوە.

کاتێک هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دەبێتە جێگەی باس هەڵبەت لە میانەی بە یەکگەیشتنی هێز و وزەیی هەزاران ژن و هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوە.
(ش ب)