سلێمانی؛ خولی پەروەردەی ژنان کۆتایی هات

09:11

ژنها

سلێمانی – دوای ئەوەی لە ٢٦ ی مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) خولێکی پەروەردەی بۆ ژنان دەستپێکردبوو، ئێوارەی دوێنێ خولی پەروەردەکە کۆتایی هات.

لەبارەی کۆتایی هاتنی خولی پەروەردەکەیان ژنان ڕایانگەیاند کە ئەو جۆرە خولانە گرنگی زۆریان هەیە و داوایان کرد کە زیاتر پەرە بە پێشخستنی ژنان بدرێت لە چوارچێوەی تێکۆشانی ئازادی ژناندا.

لەو بارەیەوە دایە فاتمە کە لە قەزای پێنجوێنەوە بەشداری کردبوو لەو خولەدا وتی: "پەروەردەکەمان ئەمڕۆ کۆتایی هات، بابەتی ئیرادەی ژنان زۆر گرنگی پێدرا. بەپەروەردە توانیومانە تا ئاستێک خۆمان لەو کۆیلایەتی و لاوازیە دوورخەینەوە کە بەسەر ژناندا سەرپێنراوە ، ئیتر لە هەرشوێنێک دەتوانین وەڵام بدەینەوە."

دایە فاتمە جەختیشی کردەوە کە پەروەردە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و چارەسەری بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. ناوبراو بە دروشمی" بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی بە قسەکانی هێنا.

هەروەها چنور محیەدین، ئاماژەی بەوە کرد کە پەروەردە بە بەشداری زۆرێک لە ئەندامانیان بەرێوەچووە و وتیشی: "هەرچەند خولەکەمان ماوەکەی کورت بوو بەڵام ناوەڕۆکەکەی دەوڵەمەند بوو توانیمان لە بەئیرادەی خۆمان بێ ئەوەی هیچ پیاوێک بەشداری لە کاروخەباتەکانماندا بکات پەروەردەکەمان بە ئەنجام بگەیەنین."

زیلان تەهاش کە کچێکی گەنجی شاری سلێمانیە و بەشداری لەو خولەدا کردبوو وتی: "من بۆ یەکەم جارە بەشداری لە خولێکی پەروەردە دەکەم. بۆ من شتێکی نوێ و سەرکەوتوو بوو. هیوادارم ژنانی گەنج زیاتر خۆیان پێشبخەن و بەشداری لەم جۆرە پەروەدانە دا بکەن. لە پەروەردە دا لە سەر مێژووی ژنان و رژاک، لەسەر ژنۆلۆژی و چۆنێتی خۆ پاراستن توانیامان گفتوگۆ پێشبخەین و شتی گرنگ فێر بووین."

زیلان داواشی کرد کە زیاتر گرنگی بەو جۆرە خولانە بدرێت و چەندین خولیتر بکرێنەوە.

(ش ب)