سوریا؛ لەمانگی ئایاردا نزیکەی ٥ هەزار کەس کوژراون
11:11
ژنها
ناوەندی هەواڵ- روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا نزیكەی ٥ هەزار كەس لەسوریادا كوژراون، لەو ژمارەیەش ١٨٥ یان منداڵن كە تەمەنیان نەگەیشتۆتە هەژدە ساڵ.
روانگەی سوری رۆژی چوارشەممە لەپێگەی تایبەتی خۆی ئاماری ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە كەلەمانگی ئایاری ئەمساڵ و لە ئاكامی بەردەوامی جەنگی سوریا لەو وڵاتەدا كوژراون، بەگوێرەی ئەو ئامارەش تەنها لەو مانگەدا ٤ هەزارو ٩٢٧ كەس كوژراون.
لەو ژمارەیەش ٩١٧یان هاوڵاتی مەدەنین كە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان – مووشەك و لەسێدارەدانەوە كوژراون.
هاوكات ٥٨٤ ئەندامی هێزی ئەمنی و سوپای سوریا - ٤٩٩ چەكداری سەر بە رژێمی سوریا وەك ( لیژنە میلییەكان و بەرگری نیشتمانی) و ٢٣٥ چەكداری لایەنگری رژێمی سوریا( بەرەگەز بیانی ) و ئەندامانی حیزبولای لوبنانی كوژراون.
روانگەی سوری كەبارەگاكەی لەلەندەن-ی پایتەختی بەریتانیایە ئەوەشی روونكردۆتەوە، هەر لەو مانگەدا هەزارو ١٥٠ لەچەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات كوژراون.
هەر بەپێی ئەو ئامارە لەمانگی ئایاردا هەزارو ٥١٦ چەكداری سەر بە گروپە ئیسلامییەكان – داعش – بەرەی نوسرە- سوپای موهاجرین و ئەنسار و حزبی ئیسلامی توركستانی كوژراون.
هەفتەی رابردوو روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، لەماوەی ٦٣ مانگی هەڵایسانی شۆڕشی سوریا، تائێستا زیاتر لە ٢٨٢ هەزار كەس كوژراون ( بەشێك لە كوژراوانی مانگی ئایار بەرئەو ئامارە كەوتوون).
ناوەراستی مانگی ئاداری ٢٠١١ شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەدژی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا سەریهەڵدا، هەر زووش ئەو شەپۆلە گۆڕدرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، لەماوەی ٥ ساڵی رابردووشدا وێڕای ئەنجامدانی چەندین خولی دانوستان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا و بەچاودێری نێودەوڵەتی، بۆ گەیشتن بەرێكەوتن سەبارەت بەبارودۆخی ئەو ولاتە بەڵام تائێستا ئەو دانوستانانە هیچ ئاكامێكیان نەبووە و شەڕ لەو وڵاتەدا بەردەوامە.
(ش ب)