کۆچبەرانی ڕەقا بانگەوازی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکەن
09:15
ژنها
سەرێکانی ــ ژنانی شاری ڕەقا کە لەگەڵ خێزانەکانیان لەبەر هێرشەکانی داعش ڕوویان لە شارۆچکەی سەرێکانی کانتۆنی جزیرە کردووەو لە کامپی (مەبروکا) نیشتەجێ بوون، بانگەوازیان لە هێزکانی سوریای دیموکراتی(هەسەدە) کرد کە شارەکەیان لە دەستی چەتەکان ڕزگار بکەن.
لە ٢٤ مانگی ئایاردا هێزەکانی سوریای دیموکراتی(هەسەدە) بۆ ڕزگارکردنی باکوری ڕەقا لە دەستی چەتەکانی داعش، دەستیان بە هەڵمەتی "ڕزگارکردنی باکوری ڕەقا" کرد، وەک دەزانرێ بەشێک لەو هەرێمە لە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکانی داعشدایە، هەروەها داعش شاری ڕەقا وەک پایتەختی خۆی لە سوریا پێناسە دەکات. لەبەر هێرشی چەتەکانی داعش ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەو ناوچانە بەرەو شارۆچکەی سەرێکانی لە کانتۆنی جزیرە کۆچبەر بوون و ئێستاش لە کامپی (مەبروکا) نیشتەجی بوون. ژنانی کۆچبەریش داواکارن کە هێزەکانی (هەسەدە) بەتەواوی شارەکەیان لەدەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکەن.
"چەتەکانی داعش بە مامەڵەی خراپ ژیانیان لێ تاڵ کردین"
کۆچبەرێک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بەم شێوەیە باسی دەسەڵات و زوڵمی چەتەکانی کرد:" ئێمە لە ڕەقا ڕۆژانێکی سەختمان تێپەڕاند، ڕۆژانێک کە هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە. چەتەکانی داعش بە هەڵسوکەوت و مامەڵەکانیان ژیانیان لێ تاڵ کردین. هاتنە دەرەوەیان قەدەغە دەکرد، کەسێکیش کە دەهاتە دەرەوە دەبوایە دەست و قاچ و دەموچاوی داپۆشیایە، ئەو ژنەی کە یاساکانی ئەوانی پێ شێل بکردایە سزای توندیان دەدا، یان دەبوایە پارەو زێڕ بدات، یان هاوژینەکەیان دەخستە زیندانەوە. داعش ئەشکەنجەی هەرکەسێکی دەدا، منداڵ، ژن و پیریان نەدەناسی، تەنیا دڕندایەتی خۆیان کە لەدەرەوەی مرۆڤایەتیە، لەسەر خەڵکی مەدەنی پیادەیان دەکرد. بۆ ئەوەی ئێمەش لەدەست ئەو دڕندایەتیە ڕزگارمان بیت، تەنها هیوامان بە (هەسەدە) یە، داواکارین ڕەقا بۆ ئێمەو بۆ کۆتایی هێنان بە دڕندایەتی داعش ڕزگار بکات و بمان گەڕێننەوە سەر زێد و ژیانی خۆمان."
یەکێکی تر لەو کۆچبەرانە کە ئەمیش نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت وەها باسی دڕندایەتی داعشی کرد:" ئێمە لەبەر زۆرو ستەمی داعش کۆچمان کرد، کاتێ چەتەکان کەسێکی مەدەنیان دەکوشت دەبوایە هەرکەس ئامادە بوایە، ئەگەر کەسێکیش ئامادە نەبوایە ئەوا بەزۆر دەیان هێنا، بۆ ئەوەی خۆمان و منداڵەکانمان لەو درندایەتیە ڕزگار بکەین ڕوومان لە کانتۆنی جزیرە کرد و لەکامپی (مەبروکا) نیشتەجێ بووین. هێزەکانی سوریای دیموکراتی و خەڵکی کانتۆنی جزیرە بەدڵێکی فراوانەوە پێشوازیان لە ئێمە کرد. بانگەوازی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکەم کە ڕەقا لە دەستی چەتەکان ڕزگار بکات، ئێمە باوەڕمان هەیە کە (هەسەدە) چۆن ناوچەکانی تری ڕزگار کرد، دەتوانێ لە هەرێمەکانی ئێمەش سەرکەوێت و گەل لە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکان ڕزگار بکات."
(ش ب)