ئیتر دایکانی ڕۆبۆسکی ٣٦ شەهیدیان هەیە
10:46
ژنها
شرناخ – دایکانی ڕۆبۆسکی کە هەرگیز جلوبەرگی ڕەشیان نەپۆشی، ماوەیەک تێکۆشانیان دادوەریانەیان کرد، بەڵام جارێکیتر بە بۆردومانێکیتر، جگەریان سوتایەوە. وێنەی ڕۆڵەکانیان لە دەستیاندا و ئازارەکانیان لە دڵیاندا زیاتر دەبن. دایکان وتیان پێشتر ٣٤ڕۆڵەی شەهیدمان هەبوو ئێستا بوونەتە ٣٦ .
یەکەم جار لە ٢٨-١١-٢٠١١دا لە گوندی ڕۆبۆسکی سەربە ناوچەی قلابانی شاری شرناخ، فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆردومانی ژمارەیەک کاسبکاریان کرد و لە ئەنجامدا سەرجەم کاسبکاران کە ژمارەیان ٣٤ کەس بوون گیانیان لە دەستدا. دایکانی ڕۆبۆسکی دەڵێن هەوری تاریک لە سەر ڕۆبۆسکی بڵاوەی نەکردوە، بۆیە هەر کاروانێک بەرەو سنوری قلابان بەڕێدەکەوێت دەستیان لەسەر دڵە تا دەگەڕێنەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا ڕوی نەفرین ئاوڕێکیتری بێ ویژدانی لە تازە لاوەکانیان بداتەوە و جارێکیتر پارچەکانیان بۆ بگەڕێنەوە. دواین جار لە ٢٩ ی مانگی ڕابردوو جارێکیتر جگەری دایکانیان سوتاند و دوو لاویتریان شەهید کردن.
یەکێک لەو دایکانە قەدریە ئەنجۆیە کە لە کۆمەڵکوژی ئەم دواییەی ڕۆبۆسکی حەمزەی کوڕی شەهید بوو. قەدریە وتی: "ئەوەی لەبەرامبەر ئێمەی دەکەن زوڵمە، ڕۆڵەکانمان بۆ خەرجی خوێندگە و جەژن کاری کۆڵبەری دەکەن، هەر کاتێک کاروان بەرێ دەکەوێت، دڵە کورپە دەمانگرێت."
قەدریە ئاماژە بەوە دەکات کە بازرگانی سەر سنور لە کۆنەوە بۆیانماوەتەوە، هەروەها وتیشی: "هەرگیز واز لەو پیشەیە ناهێنین، ئەوانەی ئەو دیو سنوریش هەموو خزم و کەسوکاری ئێمەن، دەمانەوێت ئیتر سنور لە نێوانمان نەمێنێت، با دوژمنان وازمان لێبێن لە سەر خاکەکەمان بکشێنەوە."
هەروەها سەمیرە ئەنجۆی دایکی سەلمان ئەنجۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیە ڕۆلەکانی کوردستان زیاتر بووە، سیمایان لەبەرچاومانە و وێنەکانیان لە دەستماندایە. کاتێک وەدات و یلماز لەم دوایە لە کۆمەڵکوژیێکیتر شەهید بوون رێگەیان نەدا لە تەنیشت شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٢٠١١دا بیان نێژین. سەمیرە وتی: "کاتێک دایکی یڵماز ئەنجۆ ویستی بچێتە سەر تەرمی کوڕەکەی لە نەخۆشخانە پۆلیس و سەبازی تورک ڕێگەیان پێنەدا، دەوڵەتێک رێگە بە دایکێک نەدات بچێتە سەر تەرمی کوڕەکەی دەبێت چ هیوایەکەمان پێی هەبێت."
حەلیمە ئەنجۆش دایکێکیترە و ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بە شێوەیەک نامرۆڤانە کوژراون، هەموویان خزم و کەسی یەکترین،حەلیمە وتی: "نەیانهێشت کوڕەکانمان ببن بە زاوا، نەیانهێشت ئاهەنگیان بۆ بگێڕین و خەیاڵەکانیان بەدی بێنن."
(ش ب)