"چەمکی 'مێ' لە ڕاستی ژیاندا شاراوەیە"
10:53
ژنها
سەرێکانی ـــ چەمکەکانی وەکو دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، ژیان، کەلتور، چاندن، سروشت و ..... هەتا دوایی. زۆر گوتنی تر هەن کە ڕەنگ و بەرهەمی ڕەنجی ژنەو لە زۆر زماندا وەکو گوتنی 'مێ' بەکار دێن. زەهرا ئەرداڵ، ئەندامی ڕێوەبەری پارتی یەکێتی دیموکراتی سەرێکانی، ئەنجامی توێژینەوەکانی خۆی بۆ ئێمە خستە ڕوو.
هەزاران ساڵە ژنان، ژیانێکی پڕ لە جوانی و بەرهەمیان ئافراندووە، کاتێ مرۆڤ سەیری کۆمەڵگا دەکات، لەوە تێدەگات کە ژیان بە ژنەوە جوان دەبێت و ڕەنجی ژنان ئەو ژیانە تەواو دەکات. زەهرا ئەرداڵ کە ماوەیەکە لەسەر چەمکی 'مێ' لێکۆڵینەوە دەکات، ئەو ئەنجامەی لەوچوارچێوەیەدا پێی گەیشتووە بۆ ئێمەی ڕوون کردەوە.
زەهرا بەم شێوەیە دوا :"پێنج هەزار ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەسەر ژن و کەلتوری دایکە خوداوەند شەڕێکی مەزن بەڕێوەدەبرێت. لەڕێگەی لەناوبردنی ئیرادەی ژنەوە کۆمەڵگا بەرەو کۆیلایەتی و بن دەستی براوەو لەجێگایدا سیستمی باوک سالاری بەجێ کراوە، بەم ڕێگایەش مرۆڤیان لە سروشتی خۆی دوور خستۆتەوە. دەسەڵاتداران ئەوە دەزانن کە بە لەناوبردنی ڕوناکی و نرخەکانی ژنان لە ناو کۆمەڵگادا دەتوانن تاریکیەکی بێ کۆتاو کۆیلایەتی بسەپێنن."
"چەمکەکانی مێ پێناسەی هزرو ڕامانی ژن"
زەهرا سەرنجی ڕاکێشایە سەر تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لەهەمبەر سیستمی دەسەڵاتداری و بەم شێوەیە بەردەوام بوو:" لەگەڵ ئەوەی کە هێزە دەسەڵاتدارەکان بەهەموو شێوەیەک لە کەسایەتی ژندا هێرشی کۆمەڵگا دەکەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەوانەدا تێکۆشانی گەل بۆ گەڕانەوەی سروشتی خۆی ڕانەوەستاوە. چەمکەکانی وەکو دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، ژیان، کەلتور، چاندن، سروشت و ..... هەتا دوایی. ئەو چەمکانەن کە بەڕاستی هزر و ڕامانی ژن پێناسە دەکەن و هەموویان بەرهەمی دایکە خوداوەندن. هەریەک لەوانەش بەواتای خۆیان خاوەنی مێژوویەکی دێرین و ڕازاوەن و هەتا ئێستاش ژنان لەبەرامبەر سیستمی دەسەڵاتداری ئەم چەمکانە پراکتیزە دەکەن و بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد تێدەکۆشن.
"چەمکی "مێ" ژیان تەواو دەکات"
زەهرا دەڵێ ژن ئافرێنەری ژیانەو وەها بەرەوام بوو:" ژن ئافرێنەری ژیانە، هەمیشە بەڕەنگی خۆی جوانی دەخولقێنێ، دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی چەمکی گرنگن بۆ ئازادی کۆمەڵگا، بۆ ژیانێکی بە بەها. کەلتورو کشتوکاڵ، ژیان و سروشت بەهیچ شێوەیەک لەیەک دانابڕێن، لەبەر ئەوە تێگەیشتنی یەک بەیەکی ئەو چەمکانە پێویستەو دەبێ پێک بێت، لەشێوەی سروشتی ژن. یانی ئەگەر مرۆڤ بەچاو و تێگەیشتنی ژنەوە لە ژیان بڕوانێت مانای ئەوەیە کە ئەو چەمکانەو شێوازی پێکهێنانی ئەوانیش دەبینێ."
زەهرا ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری (پەکەکە) سەبارەت بە ژن کردو بەردەوام بوو:" ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگرینامەی 'بەرگریکردن لە گەلێك' دا دەڵێ؛ 'ژن خاوەنی کاریگەریەکی مەزنە لەسەر کۆمەڵگا، ژن دەتوانێ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی خۆی و بەو شێوەیەش بیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان'. دەبێ ژن بەرهەمە بەنرخەکانی خۆی و بەهای پیرۆزی هەرگیز لەدەست نەدات و خاوەنداریان لێ بکات. لەبەر ئەوەی ئەو بەرهەمانە لەگەڵ ژیان بوونەتە یەک، ئەگەر یەکێک لەوانە لەدەست بچێ واتای ئەوەیە کە ژیانیش بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەبەر ئەوە با چەمکەکانی 'مێ' کە ژیان و کۆمەڵگا تەواو دەکەن، بکەینە کرۆکی تێکۆشانی خۆمان و لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بکەین."
(ش ب)