لە چیای شەنگال نەخۆشخانەی ددان کرایەوە

15:05

ژنها

شەنگال – هاوڵاتیانی ئێزدی لە چیای شەنگال ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاو دەنێنن بەرەو بونیادنانەوە و دابین کردنی پێویستیەکانیان. ئەمجارەش نەخۆشخانەی شەهید یەزدان براهیم بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی ددان کرایەوە و بێ بەرامبەر خزمەتی هاوڵاتیان دەکات.

کۆمیتەی تەندروستی چیای شەنگال، بەبۆنەی کردنەوەی نەخۆشخانەی ددان لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید زنار و هاوڵاتیانی شەنگال ئاهەنگێکیان سازکرد. ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.

ئاهەنگی کردنەوەی نەخۆشخانەی ددان لە چیای شەنگال سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد. پاشان دکتۆر مەدیا ئەڵمان کردنەوەی نەخۆشخانەکەی لە هاوڵاتیانی ئێزیدی پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هاوڵاتیانی چیای شەنگال کرد کە لەپێناو ژیانێکی خۆشتر و باشتر و نەهێشتنی هەژاری تێبکۆشن.

هاوکات لەسەر ناوی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال، دایە لەیلا قسەی کرد و کردنەوەی نەخۆشخانەی لە کۆمەڵگای ئێزیدی پیرۆز کرد. لەیلا داوای لە هاوڵاتیانی ئێزیدی کرد کە خاوەنداری لە نەخۆشخانەکەیان بکەن.

پاشان دەرگای نەخۆشخانە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی شەنگالەوە کرایەوە.

هەروەها لە بەردەوامی ئاهەنگەکەدا ناوەندی کلتور و هونەری شەنگال شانۆیەکیان لەسەر تەندروستی پێشەکەش بە ئامادەبووان کرد.لە کۆتایشدا گروپی "چیای شەنگال" و گروپی"کولیلکێن نیسانێ" چەند گۆرانیەکیان پێشکەش کرد.

بنکەی تەندروستی ددان سەر بە نەخۆشخانەی گشتی شەهید زنارە لە شەنگال و جگەلە ڕۆژانی چوارشەمە هەموو ڕۆژێک بەیانیان کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ١٢ی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆیانیش کاتژمێر ٢:٣٠تا ٥:٣٠ کراوە دەبێت. هەریەک لە دکتۆر دەریا و دوو کەسیتر وەک یاریدەدەر لە نەخۆشخانەکەدا کار دەکەن.

نەخۆشخانەکە ناونرا بە "نەخۆشخانەی یەزدان براهیم" کە ناوی شەرڤانی گیانبەختکرووی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە) یە کە لە ٢٠-٨-٢٠١٥دا لە گوندی سولاخ شەهید بووە.

(ش ب)