ژنانی ئاشوری: داوا لە ئاشوریەکان دەکەین بگەڕێنەوە
09:12
ژیندا ئازاد/ ژنها
تل تەمەر- ژنانی ئاشوری لە شارۆچکەی تل تەمەر، بانگەوازیان لە گەلی ئاشوری کرد کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ڕایانگەیاند ئەو خاکە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە بۆیە دەبێت خاوەنداری لێبکەین.
لە ٢٣-٢-٢٠١٥دا چەتەکانی داعش پەلاماری شارۆچکەی تل تەمەر و هێڵی سنوری خابوریان دا و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ڕفێنران و کۆمەڵکوژ کران، ئەوانەی کە خۆشیان لە دڕندەیی چەتەکان ڕزگار کرد، دووچاری کۆچبەری شار شارۆچکەکانی تر هاتوون.
دوای ئەوەی کە شەرڤانانی (یەپەژە) و (یەپەگە)بە گشتی ناوچەکەیان لە چەتەکان پاککردەوە، ژمارەیەک ئاشوری گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان. ژنانی ئاشوری کە گەڕاونەتەوە داوایان لە هاوڵاتیانی ئاشوری کرد کە بگەرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.
ڕۆزا نەبی (٥٢)ساڵان هاوڵاتی گوندی (تل جوما)یە لە تل تەمەرە، ڕۆزا وتی: "دەبێت هاوڵاتیانی ئاشوری بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، تا کەی کۆچبەری، تا کەی دەربەدەری، داعش زیانی زۆری پێگەیاندووین لە هەمووشی ناخۆشتر کۆچبەریە، مەگەر ئێمە خۆمان بەرگری لە خۆمان بکەین، بۆیە داوا دەکەم کە هەرچی زووە هاوڵاتیانی ئاشوری بگەڕێنەوە، ئەو خاکە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە بۆیە دەبێت خاوەنداری لێبکەین."
مارلین خۆشبە دایکی دوو منداڵە، لە کاتی هێرشەکاندا چەتەکانی داعش بە دیلی دەگرن، پاشان بە جۆرێک خۆی لە دەستی چەتەکان ڕزگار دەکات و ئێستا لە گوندی(تل شامیران)دەمێنێتەوە، مارلین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەیەوێت سەرجەم ئاشوریەکان بگەرێنەوە بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن.
مارلین وتی: "ئێمە لەسەر ئەم خاکە خاوەن مێژووێکی کۆنین، پێویستە بۆ پاراستنی مێژوو، زمان و کلتوری خۆمان لێرە بمێنینەوە. ئەوەی زیاتریش هانمان دەدات و دەبێتە سەرچاوەی هێزمان، شۆشی ڕۆژئاوایە، دەرفەتی ئەوەی ئافراندوە کە گەلان بە ناسنامەی خۆیان بژین."
(ش ب)