لە جزیرەی بۆتانەوە تا هەورامان چیرۆکی گوڵبەهار
09:15
ژنها
سلێمانی- زۆرن ئەو کەسانەی کە چیرۆکەکانیان کراون بە داستان، یان نوسراونەتەوە وەک ڕۆمان، بەڵام زۆرترن ئەو مرۆڤانەی هێشتاش بەدوای کەسوکاریان دادەگەڕن و تەمەنیان لەدەربەدەری و کۆچبەری بەسەر بردوە، بەتایبەت کوردان لە دوای پەیمانی سایکس پیکۆ و شۆڕشە یەک لەدوا یەکەکانی کورد ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی بوونەتەوە بە هۆی دابڕانیان لە کەسورکاریان مانەوەیان لە پشت سنورەکان، وە بە هۆی یاخی بوون و قبوڵنەکردنی ئەو زوڵم و ستەمەی داگیرکەران بەسەر گەلانیاندا سەپاندوە.
یەکێک لەو چیرۆکانەش ژیانی گوڵبەهارە کە باوکی خەڵکی باکور و دایکی خەڵکی سنەیە. باوکی گوڵبەهار سەعید ڕەشید ناسراو بە(مەلا تورکە) یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوری کوردستان، بە هۆی ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە ڕوودەکاتە باشوری کوردستان و دواین جار لە قەزای خورماڵی هەورامان دەگیرسێتەوە، لەگەڵ ژنێک شاری سنە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت. مەلا سەعید هەمیشە بە منداڵەکانی دەڵێت ناتان بەمەوە بۆ باکور تا گەلەکەمان بە زمانی خۆی نەپەیڤێت. دوای ئەوەی کۆچی دوای دەکات، کچەکەی جارێک دەچێتە زێدی لەدایک بوونی باب و باپیرانی و کە جزیرەی بۆتانە.
گولبەهار سەعید حەفتا ساڵان،بەسەرهاتی ژیانی خۆی و باوکی چۆن لە جزیرەوە هاتۆتە باشوری کوردستان، بۆ ژنها دەگێڕێتەوە کە پڕە لە زوڵم و ستەمی چەندین دەوڵەت و دکتاتۆر.
گوڵبەهار دەگێڕێتەوە کە باوکی بە هۆی کێشەیەکەوە کە پەیوەندی بە شۆڕش و تێکۆشانی کوردایەتی هەبووە، لە باکوری کوردستانەوە ڕوودەکاتە بەغدا و دواتریش دێت بۆ خورماڵ، دوای ئەوەی ژیانی هاوسەری لەگەل ژنێک شاری سنە پێکدێنێت. و دوو کچیان دەبێت، کە یەکێک گولبەهار و یەکێکیان گوڵعزار دەبێت.
ئەو خێزانە بە کاری کشتوکاڵی و بە خێو کردنی مەڕوماڵاتەوە خەریک دەبن و ژیانێکی گوندنشینیان دەبێت، گولبەهاریش وەک دیکی ژنێکی بەتواناو لێهاتوو دەبێت و پشت بە هێزی خۆی دەبەستێت بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانی.
گولبەهار باسی لەوە کرد کە دایکی و باوکی پەیوەست بوونە بە کورد و کوردایەتی و هیچ کاتێک سەریان بۆ دوژمنان نەنەواندوە، هەورها وتی: باوکم هەمیشە پێی دەوتین؛ 'تا کورد بە زمانی خۆی قسەنەکات ناچمەوە بۆ باکور' .
دوای ئەوەی ژنێک لە گوندەکەیان دەچێتە جزیرە و ئاشنای کەسانێک دەبێت کە کەسوکاری باوکی گوڵبەهارن، دوای ماوەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی و پاشانیش دوو کەسە لە خزمەکانی دێن بۆ باشور. پاش ماوەیەکیش گوڵبەهار بەڕێگەی ئەو خزمانەی دەچێتەوە جزیرەی بۆتان و چاوی بە کەسوکاری دەکەوێت بەڵام هیچ کامێکیان ناناسێت.
گوڵبەهار وتی: "کاتێک چووم بۆ جزیرە هەندێک لەو خزمانەمان لەوێ دادەنیشتن و گۆرانیان دەوت، ئەو کات زۆر دەگریام چونکە باوکم و هەموو نەهامەتیەکانی ژیانیم بیر دەکەوتەوە. لە جزیرە بردمیان بۆ سەر قەبری مامەکانم کە پێنج مامم هەبووە. کاتێک چومە سەر گۆڕستان وتم ئالێرە گیانی منیش دەرچووبا و لە تەنیشت مامەکانما منیان لە گۆڕ نابووایە، خزمەکانم زۆر ڕێزیان دەگرتم و لە هەر ماڵێک بەدەیان کەس لە دەورم کۆدەبوونەوە، ئەوان دوای ڕۆشتنی باوکم جارێکیتر نەیان بینی بوو".
گوڵبەهار ئەوەشی بیرخستەوە کە چۆتە جزیرە بەر لە چەند ساڵێک، هیچ سەرباز و پۆلیسێکی لەناو کۆڵانەکان نەدیوە، بەڵام نیگەرانی خۆشی بۆ ئێستا دەربڕی و وتی: "جزیر هەمووی کورد و شوێنێ کوردانە ئێستا تورکیا دەستی بەسەر داگرتووە، کوردستان پڕیە لە شۆڕشگێڕ و قارەمان، منیش حەزم لەو شۆڕشەیە کە لە باکوری کوردستان سەری هەڵداوە."
گوڵبەهار باسی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کرد کە زوڵم و ستەمێکی زۆریان لێکردوون و وتی: "خورماڵ شوێنی پێشمەرگە بوو، زۆر شەهیدی داوە، زۆریش خزمەتی پێشمەرگە و شۆڕشی کوردایەتی کردوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە و خەمی بۆ دەخۆم ئەوەیە کە ئێستا کەسانێک کە شایەستە نین و هیچیان بۆ پێشمەرگە نەکردوە ناوی پێشمەرگە دێننە زمان. لە کاتێکدا هیچیان بۆ خورمال و بەگشتی هەرێم نەکردوە."
(ش ب)