ژیانی کۆچبەرانی عێراق لە ڕۆژئاوای کوردستان

10:21

ڕوکەن دێرک/ ژنها

دێرک – ئەو کۆچبەرانەی کە لەشارە جیاوازەکانی عێراقەوە بە هۆی زوڵمی چەتەکانی داعش دووچاری دەربەدەری هاتوون، ڕێگەی ڕۆژئاوای کوردستان دەگرنەبەر و ڕۆژئاوا وەک ئارامگای ناوچەکە بەناو دەکەن.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش لە شارەکانی موسڵ، حەویجە، ئەنبار و هتد. ڕوویان کردۆتە ڕۆژئاوا و لە کانتۆنی جزیرە نیشتەجێ کراون. یەکێک لەو کەمپانەش کە بۆ کۆچبەرە عێراقیەکان کراوەتەوە (کەمپی ڕۆژە) لە شاری دێرک.

کۆچبەران دەڵێن ڕۆژئاوای کوردستان پارێزراوترین شوێنە بۆ ئەوان، بۆیە دەیانەوێت لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن و لە دەستی چەتەکانی داعش رزگاریان بێت. ژنانی کەمپی ڕۆژ دەڵێن سەرەڕای ئابڵۆقی ئابوری سەر ڕۆژئاوا لەلایەن دەسەڵاتدارنی پارتی و دەوڵەتی تورکیا، بەڵام هاوکاری زۆیان دەکرێت.

یەکێک لەوانە سوریە جومعە عەبدوڵایە، سوریە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنبارەوە بە هۆی هێرشی چەتەکان ڕایانکردوە بۆ ڕۆژئاو و وتی: "ئاستی دڕندەیی چەتەکانی داعش-مان بەچاوی خۆمان بینی. زوڵمی زۆیان لێکردووین، ڕۆژئاوای کوردستانمان وەک تاکە شوێنێک شک برد کە ئارامی تیا مابێت."

سوریە سەرنجی ڕاکێشایە وسەر دۆخی ژیانی خۆیان لە کەمپەکە و وتیشی: "سەرەڕای بوونی ئابڵۆقە و نەبوونی پێداویستی بەڵام تا ئاستێک هاوکاریمان دەکرێت، بەهۆی داخستنی دەروازەی سێمالکا دەرمان و پێدویستی پزیشکیمان نیە. داوا دەکەم کە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان هاوکاریمان بکەن."

هەروەها خەدیجە مخلیف، خەڵکی شاری موسڵە و دایکی چوار منداڵە، خەدیجە بەم شێوەیە باس لە ژیانی خۆی دەکات: "هاوژینەکەم پێشتر کۆچی دوای کردوە، دوای ئەوەی داعش موسلی داگیر کرد، ئێمەش بە هۆی زوڵم و زۆری بە نهێنی ڕامان کرد، سەرەتا ڕوومان کردە شارەکانی سوریا، بەڵام دۆخی ژیانمان زۆر خراپ بوو، هیچ نەبوو منداڵەکانم بیخۆن، تا دوایی هاتینە ڕۆژئاوا، لە ڕۆژئاوا لە ناو ئارامی و ئاشتی دادەژین. داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کە ئاورێک لە کۆچبەرانی عێراق بدەنەوە، بۆچی بە ملیار دۆلار دەدەن بە دەوڵەتی تورکیا بۆ کۆچبەران، بازرگانی بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکرێت، هیچ کەس هاوکاری کۆچبەرانی ڕۆژئاوا ناکات، ئەمە دوورە لە ئەخڵاقی مرۆیی و ناحەقیەکی گەورەیە."

" کاریگەری هێرش و فشارەکان لەسەر دەرونی ژنانەوە بەجێماوە"

سەبارەت بە دۆخی ژیانی کۆچبەران لە (کەمپی رۆژ) سالیحە یوسف بەڕێوەبەری کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کەمپەکە ڕایگەیاند: "کەمپی ڕۆژ تایبەتە بە کۆچبەرە عێراقیەکان، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ کراوەتەوە، کەمپەکە٥٥٠ خێزان و بە گشتی ٢٥٠٠ کەس لە خۆدەگرێت. ئەم کەمپە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرەدا کراوەتەوە، پێویستیەکانیان بۆ دابین دەکرێن. تا ئێستا هیچ رێکخراوێکی نێونەتەوەیی هاوکاری ئەو کەمپەی نەکردوە."

سالیحە ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی کۆچبەران ژن و منداڵن و زۆربەیان کوڕە گەنجەکانیان لەلایەن داعش دەستگیرکران و کوژراون. هەروەها وتیشی: دۆخی دەرونی ژنان هێشتاش لە ژێر کاریگەری زوڵم و فشارەکانی ئەو دڕندەییە دایە کە بینیویانە."

(ش ب)