قەدەغەی هاتوچۆی سەر گەڤەر کۆتایی هاتووە، لێ داگیرکاری بەردەوامە
10:18
ژنها
جۆلەمێرگ – لە شارۆچکەی گەڤەر هەرچەند بەڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ کۆتایی هاتووە، بەڵام هەڕەشەی سەر هاوڵاتیان بەردەوامە، ئەو هاوڵاتیانەی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان ڕووبەڕووی هەڕەشە و بێرێزی کردن دەبنەوە لەلایەن هێزکانی پۆلیس و سەربازانەوە.
شارۆچکەی گەڤەری سەر بە جۆلەمێرگ لە باکوری کوردستان ماوەی ٧٩ ڕۆژ لە ژێر گەمارۆی سەختی هێزەکانی دەوڵەتی تورک مایەوە، دوای ٧٩ ڕۆژ هێرش و کۆمەڵکوژکردن و لەبەرامبەریدا بەرخۆدانی گەل، بەر لە پێنج ڕۆژ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر ناوچەکە هەڵگیرا و بەڵام شەوان بەردەوامە و ڕێگە بە هاوڵاتیان نادرێت دوای ئێوارە لەماڵەکانیان دەرکەون. بەڕۆژیش هێزەکانی سوپا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بە کۆڵانەکاندا دەخولێنەوە.
هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان ڕووبەڕووی مامەڵەی ناشرینی هێزەکانی دەوڵەت دەبنەوە و پشکنینی کەلوپەل و ناسنامەکانیان دەکرێت.
لە هەر کۆڵانێک ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دانراوە، تیمە تایبەتەکان ئاڵۆزی و کێشەی زۆر بۆ هاوڵاتیان دەنێنەوە، چەکیان لەدەستە و بە هەموو جۆرێک هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکەن بەتایبەتیش لە گەڕەکەکانی بەرخۆدانی گەل(جمهوریەت، گۆنگۆر، ئۆرمان، دیزە، هالا کەڤن، کشیا و مەزارلیک) فشآری زۆر دەخرێتە سەر هاوڵاتیان.
چەک بەدەستەکان لەگەڤەر بە ئاشکرایی پیشانی دەدەن کە ڕق و قینیان لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو شارە لە دڵدایە.
(ش ب)