ئێمە منداڵ و شایەتحاڵانی ساڵەکانی ٩٠-ین

11:05

ژنها

جۆلەمێرگ – لە شارۆچکەی گەڤەر هێزەکانی دەوڵەتی تورک وەک ساڵانی ١٩٩٠کان خانوی هاوڵاتیان دەڕوخێنن، ژنانی گەڕەکی "مەقسودئاڤا"ی ئەو شارۆچکەیەش دەڵێن: دەوڵەتی تورک هەمان ڕووخساری ساڵانی ١٩٩٠ کانی پیشان دەدات، ئێمە ڕۆڵە و شایەتی بەرخۆدانی ١٩٩٠ لە شاری گەڤەرین بۆیە سەرمان بۆ دوژمنان نانەوێنین.

لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بەشاری جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، بەرخۆدانی شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) و (یەپەسە-ژن) ماوەی ٧٩ ڕۆژ بێوچان بەردەوام بوو. هەرچەند نزیکەی مانگێکە ئۆپراسیۆن کۆتایی هاتوە بەڵام هێشتاش هێزەکانی دەوڵەتی تورک ماڵ و خانوی هاوڵاتیان دەڕووخێنن و دەسوتێنن. ژنان لەوبارەیەوە ڕایانگەیاند کە هەمان هێرشی ساڵانی ١٩٩٠ لەسەریان بەرێوەدەچێت.

مێمی خان، هیچ جیاوازیەک نابینێت کە نێوان هێرشەکانی ساڵانی نەوەدەکان و وتی: "ساڵی ١٩٩٠ گوندەکەمان(دۆسکی)یان سوتاند و لەسەر خاکی خۆمان کۆچبەریان کردین. لەبەر چاومە چۆن ساڵی ١٩٩٠خان و ماڵەکانیان دەسوتاندین ئێستاش بە هەمان شێوە کار دەکەن. ئێستا دەوڵەت وادەزانێت کە گەشتوە بە ئامانجی خۆی، بەڵام دەبێت باش بزانێت کە ئێمە ڕۆڵە و شایەتی بەرخۆادانین لەم هەرێمەدا، دەوڵەتی تورک هەرگیز ناتوانێت کۆتاییمان پێبێنێت. بەرخۆدانی بەرامبەر زوڵمی دەوڵەت هەر ڕۆژ مەزنتر دەبێت، گەر نەک ماڵەکانمان ئێمەش بسوتێین ماڵەکانمان تەرک ناکەین."

مەنیجە ئایکوت، ژنێکیترە لەوبارەیەوە وتی: "هێزەکانی دەوڵەت بە زۆر دووچاری کۆچبەریان کردین، ئێمە ڕاهاتووین لەگەڵ ئەوەی خانوەکانمان بۆ سوتاندن و ڕووخاند چۆڵ بکەین و ژێر چادردا بژین. دەتوانین لە ژێر دارێکیش بگوزەرێنین بەس هەرگیز خاکی خۆمان بۆ دوژمنان بە جێناهێڵین. ئێمە ئەڤینداری خاک و وڵاتی خۆمانین. چۆن لە ساڵی ١٩٩٠دا سەرەڕای هەموو زوڵم و زۆریەک، بەرخۆدانیمان کرد ئێستاش بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین و هەرگیز کۆڵنادەین، زۆرمان بینوە، بۆیە بە ئەزموون و باوەڕی خۆمانەوە دەڵێین دوژمنان ناتوانن لەسەر بستێک لەو خاکە ئامانجەکانیان بەدی ببێنن."

(ش ب)