کەژار؛ لەبەرامبەر هێرشی پارتی بۆ سەر 'رەپاک' بێدەنگ نابین
12:43
ژنها
سلێمانی – داخستنی بارەگای ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵگای ژنان ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) ناڕەزایی دەربڕی و ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد.
شنۆ کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆمەڵگای ژنان ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند: "ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هێرشەی نامرۆڤانەی کە دوێنێ لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە لە شاری هەولێر لەبەرامبەر رێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد ئەنجامدرا، بە توندی ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین."
شنۆ کەمانگەر، ئاماژەی بە زیادبوونی فشاری سەر چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە باشوری کوردستان کرد و جەختیشی کردەوە: " ماوەیەکە پارتی دیموکراتی کوردستان فشارەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی ژن زیاد کردوە، وەک دەستگیرکردنی ئایسەل ئاڤێستا و دوو چالاکوانی ژنان لە بادینان، دواین جاریش هێرشی بۆ سەر بارەگای (رەپاک). ئێمە هیچ جیاوازیەک نابینین لەگەڵ ئەو هێرشانەی لەدەرەوە بۆ سەر گەلی کورد بەڕێوە دەچێت. ئاکەپە کاتێک هێرشی لەنێوبردن لەسەر گەلەکەمان بەڕێوە دەبات، یان کاتێک ڕژێمی ئێران گرتوخانەکان پڕ دەکات لە چالاکوان و ئازادیخواز، دەزانین دوژمنی مرۆڤایەتی و گەلی کوردن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بۆمان لەناو کورددا بە زمانی کوردیەوە هێرشی بەو جۆرە لە بەرمبەر کورد ئەنجام دەدرێت."
کەمانگەر ئەو هێرشانەی وەک بەردوامی هێرشە سیاسیەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر گەلی کود ناودێر کرد، هەروها وتیشی: "ئەم هێرشە لە هیچ کاتێکدا لە بەرژەوەندی گەلی کورددانیە، کۆمەڵگای باشوری کوردستان پێویستی بە کەسی ئازادیخواز و ڕۆشنبیرە نەک دەسەڵاتی زوڵم و چەوساندنەوە."
ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگای ژنان ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرنجی ڕاکێشایە سەر هۆکاری بەئامانج گرتنی ژنان و درێژەی بەوتەکانیدا: "پارتی بە هۆی ئەو ترسەی هەیەتی لەبەرامبەر ژنان لەکەسایەتی ژناندا هێرش دەکاتە سەر نرخەکانی کۆمەڵگا، نایەوێت ژنان لە ڕووی قوڵبونەوەیان بۆ بەدەستخستنی مافەکانیان هۆشیار ببنەوە، چونکە ژنان دەتوانن کۆتایی بە یاریەکانی دەسەڵاتداران بێنن، بەتایبەت بە ئامانج گرتنی ژنان ئەنجامی ئەقڵەیەتی دەسەڵاتداریە، نایانەوێت ژنان لەبوارە جیاوازەکاندا خۆیان بەرێکخستن بکەن. لە کەسێتی ئەو ڕێکخراوەدا هێرشیان لەبەرامبەر ئیرادەی ئازادی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهاندا ئەنجامداوە. ئەو ڕێکخراوە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا کار بۆ پێشخستن و ناساندنی تێکۆشانی ژنان کورد دەکات، دواین خەباتیشیان بەشدار بوون بوو لە کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە وڵاتی"نیپال"دا کە توانی لە نوێنەرایەتی ژنان کورد رۆڵێکی کارا بگێڕێت.
شنۆ کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگای ژنان ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار)، لە کۆتایشدا پشتیوانی خۆی بۆ (رەپاک) دەربڕی و وتی: "بانگەوازی لە تەواوی ژنانی باشوری کوردستان دەکەین کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی (رەپاک)، چونکە گەر ئەمڕۆ ئەو هێرشە لە بەرامبەر ئەو ڕێکخراوە ئەنجامدراوە، بێگومان سبەی بۆ سەر شوێنێکیترە، ئامانج چەوساندنەوەی ئیرادەی ژنانە، ئێمەش وەک ژنانی ڕۆژهەڵات لەبەرامبەر ئەو هێرشە بێدەنگ نابین، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئازادیخوازیان."
(ش ب)