مەرال چیچەک: ناتوانن ڕێگە لە تێکۆشانی ئازادیمان بگرن

09:25

ژنها

سلێمانی – بەرپرسی ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد، ڕایگەیاند، کە پارتی هیچ پاساوێکی یاسایی بەدەستەوە نیە بۆ داخستنی ڕێکخراوەکەیان و بێ ئەوەی هیچ سنورێکی نێوان کوردستان بناسین درێژە بە خەباتەکانیان دەدەن.

مەراڵ چیچەک بەرپرسی رێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد کە ڕۆژ لەمەوبەر ناوەندەکەیان لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر داخرا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکەمان (ژنها)گرنگی ڕێکخراوەکەیان و هۆکاری بە ئامانج گرتنیان لەلایەن پارتیەوە هەڵسەنگاند.

مەرال سەرەتا بەو شێوەیە رێکخراوەکەی پێناساندین: "ناوەندی رێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد لە مانگی ئاداری ٢٠١٤دا دامەزرا، وەک پێویستیەکی گرنگ بوو بۆ ژنانی کورد، لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا لەسەر بنەمای یەکخستنی پەیوەندی نێوان ڕێکخراو و دەزگاکانی ژنان لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و ژنانی کورد لە ئەوروپا کار و خەباتی خۆامان بەڕێوە دەبەین. لەلایەکیتریشەوە کار لەسەر ئەوە دەکات بۆ ئەوەی تێکۆشانی ژنانی کورد بەتایبەت بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە سەرجەم ژنانی جیهان بناسێنێت، بۆ ئەوەی بەرەیەکی هاوبەشی تێکۆشان دروست بکەین. ماوەی دوو ساڵە لە شاری هەولێر کاروخەباتەکانمان بەو شێوەیە بەرێوە دەبەین، دەتوانین بڵێین "رەپاک"لەماوەی ئەو دووساڵەدا بۆتە ناونیشانێک بۆ ژنانی کورد و پەیوەندی کردنی ژنانی جیهان بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژنان، بۆ گەیاندنی تێکۆشانی ژنانی کورد بە جیهان، بەتایبەتیش لەکاتی هێرشی چەتاکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی زانیاری لەسەر ژنانی ئێزیدی دیلی دەستی داعش و ژنانی پەنابەر، هەروها وەک "رەپاک"بەشداریمان کردوە لە چەندین چالاکی و خەباتی هاوبەشی ژنان لەسەر ئاستی جیهاندا، لە کۆنفرانسی جیهانی ژنان کە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە نیپال بەسترا توانمان بە ناسنامەی رێکخراوی خۆمان بەشداریمان بکەین و ببین بە ئەندام لە ناو کۆردیناسیۆنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

مەرال داخستنی بارەگاکەیانی بەبڕیارێکی نایاسایی بەناوکرد و وتی: "ڕێکخراوەکەمان دامەزراوەیەکی یاساییە لە باشوری کوردستان و خاوەن مۆڵەتی فەرمی خۆیەتی، لە هەمانکاتدا هەموو خەباتکارانی رێکخراوەکەشمان لەڕووی یاساییەوە کێشەیان نەبوو و ناوەکانیان تۆمار کرابوو، واتا بە کورتی کێشەی دەستوریمان نەبوو. ئاسایش بێ ئەوەی هیچ شتێکمان تێبگەیەنێت بەچەکی قورس هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکەمان. یانی شێوازی بەسەرداگرتنیاشیان خۆی لەخۆیدا پێشلێکاری یاسایی تیایە، چونکە ئێمە باس لە رێکخراوێکی ژنان دەکەین، بەڵام بە چەکی قورسەوە لەلایەن کۆمەڵێک پیاوی چەکدارەوە بەسەر ناوەندەکەیان داگرتین، هیچ پاساوێک یان بەڵگەیەکی یاساییان پیشان نەداین، دەستیان گرت بەسەر تەلەفۆنەکانمان و ڕێگەیان نەدا پەیوەندی بەدەرەوە بگرین، ئەمەش لەلایەکیترەوە پێشلێکردنی مافەکانمانە. دواتر ئێمەیان بە ئۆتۆمبێلی ئاسایش لە سنوری هەولێر دوورخستوە و پێیان ڕاگەیاندن کە لەمەودوا نابێت پێ بنێنە ناو خاکی هەولێر."

بەرپرسی ڕێکخرای پەیوەندیەکانی ژنان کورد، کێشانی سنور لەنێوان شارەکانی کوردستانیشی ئیدانە کرد و جەختیشی کردەوە: "جیاکردنەوە و پارچەر کردنی پارچەیەکی کوردستان خۆی لەخۆیدا جێگەی ئاماژە پێکردنە، مایەی قبوڵکردن نیە، چونکە چەند رۆژ بەر لە ئێستا سەدەمین ساڵڕۆژی پەیمانی "سایکس – پیکۆ" بوو، لەکاتێکدا کە زۆر خرایە ڕۆژەڤ، و باس لە یەکپارچەیی خاکی کوردستان کرا، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین کە دەبێت ئەو سنورانە بێ واتا بکرێن، بەڵام ئەوەی پارتی دەیکات دروستکردنی سنوری نوێ و پارچە پارچە کردنی پارچەیەکی کوردستانە. دەبێت کوردان لە هەر شوێنێک بەرامبەر ئەمە خاوەن هەڵوێست بن، چونکە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە."

مەراڵ چیچەک بەرپرسی رێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد(رەپاک) لە کۆتایشدا ئاماژەی بەدرێژەدان بەکاروخەباتەکانیان کردو وتیشی: "هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگەی تێکۆشانی ئازادیمان بگرێت. وەک (رەپاک) خەباتەکانمان لە هەر شوێنێک بەردەوام دەبێت، بۆ هیچ هێزێکیش نیە دەستبنێتە سەر بەشێک یان پارچەیەکی کوردستان، داوا لە هەموو ڕێکخراوێکی مەدەنی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە خاوەن هەڵوێست بن، دەبێت ئەو هێرشە وەک هێرشێک ببینن لە بەرامبەر هەموو ژنان."

(ش ب)