هەڵگرتنی پارێزبەندی پەسەندکرا

08:13

ژنها

ئەنقەرە - ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارەکەی پەرلەمانی واژۆ کرد بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانەی دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە.

ڕەشنوسی کودەتای سەر پەرلەمانتارانی پارتی گەلانی دیموکراتی(هەدەپە) کە لەسەر داواکاری ئەردۆغان خرایە ڕۆژەڤ دوێنێ لەلایەن ئەردۆغانەوە پەسەند کرا.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاندبوو کە ئەگەر داواکاری گشتی بانگهێشتی دادگایان بکات ناچنە بەردەم دادگا.

پارتی دیموکراتی گەلان راشیگەیاندبوو، ئەگەر ئەردۆغان بڕیارەکە واژۆ بکات، ئەوا لە دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا سکاڵا تۆمار دەکەن.

رۆژی هه‌ینی ٢٠-٥-٢٠١٦ په‌رله‌مانی توركیا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی بۆ ده‌نگدان لەبارەی رەشنوسی پرۆژەیاسایەکەوە بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ١٣٨ په‌رله‌مانتار ئه‌نجامدا و به ٣٧٦ ده‌نگی به‌ڵێ له‌ به‌رامبه‌ر ١٤٠ ده‌نگی نه‌خێر په‌سندکرد. دوای چوار رۆژ بڕیارەکەی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کرد.

٦٦٧دۆسیە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی ١٣٨ پەرلەمانتار رەوانەی پەرلەمان کرابوون، زیاد لە نیوەیان بە تەنیا لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بوون کە ٤٠٥ دۆسیە بوون و جەهەپە ١٩٢ دۆسیە، ئاکپارتی ٤٦ دۆسیە و مەهەپە ٢٠ و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ ٥ دۆسیە.

٤٠٥دۆسیەی هەدەپە لەسەر ٥٠ پەرلەمانتاری پارتەکەن. ١٩٢ دۆسیەی جەهەپە لەسەر ٥١ پەرلەمانتاری پارتەکەن و ٤٦ دۆسیەی ئاک پارتی لەسەر ٢٧ پەرلەمانتاری ئەو پارتەن، ٢٠ دۆسیەی مەهەپەش لەسەر ٩ پەرلەمانتارن.

دوای ئەوەی سەرجەم پەرلەمەنتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری(جەهەپە) سکاڵایان بۆ دادگای دەستووریی تورکیا بەرزکردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان دابووی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، بەڵام دادگای دەستوری رۆژی ٣-٦-٢٠١٦ رەتکردنەوەی داواکاری پەرلەمانتارانی راگەیاند.

(ش ب)