پەیکەری ژنی ئازاد سمبۆلی بەرخۆدانە
09:27
ڕۆزا حسۆ/ ژنها
عامودە – هاوسەرۆکی شارەوانی کانتۆنی جزیرە، سەبارەت بە دانانی پەیکەری ژنی ئازاد کە لە دەروازەی شارۆچکەی عامودێ ڕایگەیاند، ئەو پەیکەرە نیشانەی بەرخۆدان و ڕەنجی ژنانی کوردە.
دیجلە سلێمان هاوسەرۆکی شارەوانی کانتۆنی جزیرە، لەسەر دانانی پەیکەری ژنی ئازاد لە دەروازەی شارۆچکەی عامودە، وتی: "شارە خنجیلانە و بچوکەکەی عامودا یەکەم ئەو ناوچەیە بوو لە کانتۆنی جزیرەدا لە ژێر داگیر کاری ڕژێمی بەعس ئازادکرا. هاوڵاتیانی عامودا لە ساڵی ٢٠١١ دا تێکۆشانی خۆیان گەیاندە ئاستی سەرهەڵدان و پەیکەری حافز ئەسەدیان لە عامودا دانا و یەکەم هەنگاوی شۆڕشیان نا لە کانتۆنی جزیرە."
دیجلە ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری دروستکردنی پەیکەری ژنی ئازاد لەلایەن ژنانەوە دراوە و هەروەها وتیشی: "لە شارەوانیدا بەشێک تایبەتە بە ژنان و کارو خەباتی ژنان هەیە. ژنان لەو بەشەدا هەم سەبارەت بە پڕۆژە و خەباتەکانی شارەوانی بڕیار دەدەن هەمیش لەسەر کار وخەباتەکانیان. بۆیە وەک ژنان بڕیارمان دا لە شوێن پەیکەری حافز ئەسەد پەیکەرێکی ژنی ئازاد دروستی بکەین. پەیکەری ژنی ئازاد گەورەترین پەیکەری کانتۆنی جزیرەیە."
لەسەر چۆنێتی دروستکردنی پەیکەری ژنی ئازاد دیجلە وتی: "ئەو پەیکەرە لەلایەن هوندەرمەندی پەیکەرتاش "ئیسماعیل عەبدۆ" لەماوەی سێ مانگدا دروستکراوە، ئەو پەیکەرە لە ٨ ی ئاداری ئەم ساڵ دانراوە و کراوەتە دیاری بۆ هەموو ژنان. پەیکەرەکە بە جلوبەرگی کوردی دروستکراوە کە نیشانەتی ڕەسەنایەتی و کەلتوری ژنانی کوردە، هەروەها لە پاش سەری پەیکەرەکە ١٢ تیشک هەن، کە ئاماژەیە بە بیرهێنانەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ١٢ ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ی شاری قامیشلۆ، لە دەستی ڕاستیدا مەشخەڵێکی ئاگر هەیە کە ئەویش نیشانەی ڕۆناکیە. لە دەستی چەپیشیدا کتێبێک هەیە کە سێ گوڵی گەنمی لەسەرە ئەمەش گوزارشت لە زانابوون بە مێژووی بوون و سەرچاوەی ئابوری کانتۆنی جزیرە دەکات."
دیجلە سلێمان هاوسەرۆکی شارەوانی کانتۆنی جزیرە لە کۆتایشدا ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیکەرە کرد و وەک سمبۆلی بەرخۆدانی و ڕەنجی ژنانی بەناو کرد، سوپاسی و دەستخۆشیشی لە هەموو ئەوانەی ڕەنج ماندووبونیان بینوە لەدروستکردن و دانانی ئەو پەیکەرە کرد.
(ش ب)