دوای ٨٢ ڕۆژ لە داخستنی دەروازەی سێمالکا دەکرێتەوە

10:05

ژنها

ناوەندی هەواڵ- وابڕیاره‌ سبه‌ینێ ده‌روازه‌ى سێمالکا له‌نێوان باشوور و رۆژئاواى کوردستان به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى بکرێـته‌وه‌ که‌ ١٦ى ئاداره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتى دیموکراتى کوردستان به‌رووى رۆژئاوا داخراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاراس فه‌تاح به‌رێوه‌به‌رى گشتى ده‌روازه‌ى سێمالکا له‌ دیوى رۆژئاواى کوردستانه‌وه‌ رایگه‌یاندوە که‌ بڕیارى کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌که‌ ئه‌مرۆیه‌ ، به‌ڵام سبه‌ینێ به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى کراوه‌ ده‌بێت.

به‌رێوه‌به‌رى گشتى ده‌روازه‌که‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌ به‌پرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان چه‌ندین مه‌رجیان دانابوو بۆ کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌که‌ ڕاشیگەیاندوە:" ئێمه‌ هیچ مه‌رجێکمان قبول نه‌کردووه‌، ئه‌وان ده‌یان ووت؛ یه‌کێک له‌مه‌رجه‌کانمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابێت گومرگ هه‌بێت ، به‌ڵام پێمان رگه‌یاندن ئێمه‌ هیچ کات له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ گرمرگمان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وان له‌ودیوى باشوورى کوردستان گومرگ وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ ووتمان، ئه‌و مه‌رجه‌ ئێمه‌ ناگرێته‌وه‌."

له‌باره‌ى ئه‌و شتومه‌کانه‌ى پێویسته‌ له‌ده‌روازه‌ى سێمالکاوه‌ بچنه‌ رۆژئاواى کوردستان ، ئاراس فه‌تاح وتویە:" خۆراک و سه‌رجه‌م پێداویستیه‌ ته‌ندروستییه‌کان ده‌توانرێت له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ رۆژئاواى کوردستان." ناوبراو ده‌ستنیشانیشى کرد که‌ ئه‌مرۆ ده‌روازه‌که‌ ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام سبه‌ینێ به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى ده‌ستبه‌کارده‌کرێت و ده‌روازه‌که‌ کراوه‌ ده‌بێت.

ده‌روازه‌ سێمالکا له‌نێوان باشوور و رۆژئاواى کوردستان له‌ ١٦ى مانگى ئاداره‌وه کە دەکاتە ٨٢ ڕۆژ،‌ ‌تا ئێستا به‌بێ هۆکار له‌لایه‌ن پارتى دیموکراتی کوردستان ــ عێرقه‌وه‌ به‌رووى رۆژئاواى کوردستانه‌وه‌ داخراوه‌. داخستنى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ بووه‌ جێگه‌ى نیگه‌رانى سه‌رجه‌م کوردان و به‌تایبه‌تیش له‌باشوورى کوردستان چه‌ندین چالاکى ناره‌زایه‌تى به‌رێوه‌چوون.

(ش ب)