هێزەکانی ڕژێمی ئێران بۆ جاری دووەم مامۆستایێکی زانکۆ دەستگیر دەکەن
10:07
ژنها
ناوەندی هەواڵ - مامۆستایەکی ئێرانی- کەنەدایی بە ناوی" هۆما هوودفەر" مامۆستای بەشی "خەڵک ناسی"(مردم شناسی)، لە زانکۆی "کنکوردیا مۆنتراڵیکانادا"، کە به مەبەستی گەشتی زانستی سەردانی ئێرانی کردبوو لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتی سوپاوە قۆڵبەست کرا.
بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "هۆما هوودفەر" تەمەن ٦٥ ساڵان لە ڕاگەیەندراوێک کە لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ ی حوزەیرانی ٢٠١٦، لە لایەن بنەماڵەی ناوبراو بڵاوبووەتەوە ڕایانگەیاندووە، لە ڕێکەوتی ٣ی ئاداری ٢٠١٦ و لە دوو ڕۆژ پێش هاتنەدەری لە ئێران، هێزەکانی پاراستن و ئەمنییەتی سەر بە سوپای پاسدارانی حکومەتی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و بە گشتی هەموو کەلوپەلەکانی وەک لاپتۆپ، ناسنامە، مۆبایل، پاسپۆرت و ....هتد. دەستیان بەسەر داگرتووە و هەروەها چوونەدەرەوی لە ئێرانی لێ قەدەغە کراوە.
بە وتەی بنەماڵەی ناوبراو، هۆما هوودفەر دوای ماوەیەک بە دانانی بەڵگە و بەڵێن نامە ئازاد کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆما هوودفەر بەردەوام بووە تاکوو لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی حوزەیران بە دوای بانگهێشتی بۆ دادگای ئاسایش بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، دیسان قۆڵبەست کراوەتەوە.
پارێزەر و بنەماڵەکەی هوودفەر، مۆڵەتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هۆما نەبووە و لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراویش ئاگادار نەبوونە.
دەستبەسەرکرانی هۆما هوودفەر لە کاتێکدایە کە ناوبراو توشی نەخۆشییەکی مەترسیدار (نەخۆشی دەمار- ماسوولکەیی) بە ناوی میاستنیگراویسه (واتە لاوازیی ماسوولکەیی) بووەو ڕێگای پێ نەدراوە کە لە دەرمانەکانی کەڵک وەر بگرێت.
گیران و قۆڵبەستکردنی خەڵکی وڵاتانی بیانی لە ئێران پێشینەیەکی کۆنی هەیە و لەو پێوەندییەدا "زەهرا کازمی" یەکێک لەونموونانەیە کە بە دووای سەفەری بۆ ئێران زیندانی کرابوو و لە زیندانی حکوومەتی ئێراندا گیانی لە دەست دا.
(ش ب)