دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زانکۆ لە تاران کاردانەوەی لێکەوتەوە

13:54

ژنها

ناوەندی هەواڵ – حکومەتی کەنەدا و ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی "هۆما هوودفەر"،مامۆستای ئێرانی –کەنەدایی لە زانکۆی "کنکوردیا" هەڵوێستێکی تووندییان گرتووە و ڕایەنگەیاندووە کە بۆ ئازاد بوونی ناوبراو هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناوبراو لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتی سوپاوە، بەر لە چەند ڕۆژ دەستبەسەر کراوە.

عمر لجبرا جێگری وەزیری دەرەوەی کەنەدا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ڕایگەیاندووە: "ئەم کێشەیە زۆر گرنگە، ئێمە بۆ ناوبراو زۆر نیگەرانین و هەر کارێک بتوانین دەیکەین تاکوو هوودفەر ئازاد بکرێت." ناوبراو ڕاشیگەیاندوە، کە دەوڵەتی کەنەدا هەموو هەوڵی خۆی دەدات تا هۆکاری دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایە ڕوون بکرێتەوە و ئازاد بکرێت.

هۆما هوودفەر تەمەن ٦٥ ساڵانە و ڕۆژی پێنجشەممە(٩-٦-٢٠١٦) دووای بەنگهێشت‌کرانی بۆ ئەمنییەت لە تاران دەستبەسەر کراوە، بەڵام هۆکارەکەشی تا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە.

لەو نێوەندە دا،ڕۆژنامەی "گلوباندمیل" ئاماژەی بە وتەکانی وەزیری دادوەریی حکوومەتی ئێران کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە، مەبەستی حکوومەتی ئێران لە دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایەی زانکۆ، کەڵک وەرگرتن لە ناوبراو بووە بۆ وەرگرتنەوەی "مەحموودڕزا خاوەری" بەرپرسی پێشووی بانکی میللی ئێران، کە به دزی لە لایەن حکومەتی کەنەداوە تاوانبار کراوە.

"مستەفا پوورمحەممەدی"، وەزیری دادوەریی حکوومەتی ئێران،ڕایگەیاندووە کە کەنەدا هاوکارییەکی دۆستانەی بۆ گەڕاندنەوەی"مەحموودڕزا خاوەری" لەگەڵ حکوومەتی ئێران نەکردووە، بەڵام ئێمە هیوادارین لە داهاتوودا ئەم هاوکارییە ڕووبدات.

"مەحموودڕزا خاوەری"،لە تاوانبارانی دزی سێ هەزار میلیاردییە کە بۆ کانادا پەنای بردووە و لە ساڵی ١٣٩٠ تاکوو ئێستا لە کەنەدا بەسەر دەبات.

هەر سەبارەتە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کردووە کە هۆما هوودفەر ئازاد بکرێت.

(ش ب)