دێرک، پەنابەرانی ئێزیدی سوتاندنی ١٩ ژن و منداڵیان ئیدانە کرد

18:26

ژنها

دێرک - له‌به‌رامبه‌ر سوتاندنی ١٩ ژن و منداڵی بێتاوانی ئێزیدی له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانی داعشه‌وه‌، ئاواره‌ ئێزیدییه‌کانی که‌مپی نه‌ورۆز گردبوونه‌وه‌یه‌کان ئه‌نجامدا و بێده‌نگبوونی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیشیان له‌وباره‌یه‌وه‌ شه‌رمه‌زارکرد.

له‌که‌مپی نه‌ورۆزی رۆژئاوای کوردستان، دوێنێ ژنه‌ ئێزیدییه‌کانی دانیشتوی که‌مپه‌که‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ک سوتاندنی 19 ژن و منداڵی ئێزیدییان له شاری موسڵ به‌ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش شه‌رمه‌زارکرد.

ئه‌نجومه‌نی ژنانی که‌مپه‌که‌، ئه‌نجومه‌نی ئێزیدییه‌کان و به‌ڕێوبه‌رێتی که‌مپه‌که‌ به‌شداریی گردبوونه‌وه‌که‌ بوون و له‌سه‌ره‌تادا به‌ڕێپیوان له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی که‌مپه‌که‌وه‌ به‌ڕێکه‌وتن تا ناو که‌مپه‌که‌.

پاشان دایکی شه‌مێ، له‌سه‌ر ناوی ئه‌نجومه‌نی ژنان وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد وتی: ده‌بێت رای گشتی جیهان ده‌رباره‌ی سوتاندنی ژنانی ئێزیدی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و بێته‌ ده‌نگ، ئێمه‌ ئه‌وکاره‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین و بانگ له‌هه‌موو وڵاتانی دنیا ده‌که‌ین بێده‌نگ نه‌بن.

دایکی شه‌مێ وتیشی: دوژمن ده‌یه‌وێت ئێمه‌ دینی خۆمان بگۆڕین، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ ته‌نیا بکه‌ن با بزانن، که‌ ئێمه‌ خه‌بات و تێکۆشانی خۆمان گه‌وره‌ترده‌که‌ین و سه‌ردانانه‌وێنین.

لای خۆشییه‌وه‌ شێخ نوری، له‌سه‌ر ناوی ئه‌نجومه‌نی ئێزیدییان وتی: گله‌یی و گازنده‌مان له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کردارانه‌ بێده‌نگن، له‌کاتێکدا که‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی رزگارکردنی فه‌لوجه‌ راگه‌یاندنه‌ عه‌ره‌بییه‌کان چۆن هاوارده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵکی سڤیل و بێتاوان رزگاربکرێن، به‌ڵام کاتێک ژنه‌ ئێزیدییه‌کانمان سوتێنران، ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ بێده‌نگ بوون، به‌ڵام راستی هیچ کاتێک ون نابێت و ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیهنییه‌ته‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی ئه‌وان تێده‌کۆشین.

هه‌ر له‌ گردبوونه‌وه‌که‌دا، قاسم شه‌نگالی، یه‌کێک له‌ دانیشتوانی که‌مپی نه‌ورۆز وتی: ئه‌و که‌سانه‌ی ژنه‌ ئێزدییه‌کانیان سوتاند ناوی مرۆڤایه‌تیشیان پیسکردووه، ئه‌وان ئێمه‌ ده‌کوژن و ده‌مانسوتێنن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر ده‌مێنین و ده‌نگی خۆمان به‌هه‌موو جیهان ده‌گه‌یه‌نین.


قاسم شه‌نگالی، وتیشی: ئایا ده‌زگا و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤله‌کوێن که‌ له‌سه‌ده‌ی 21 دا ژن و منداڵانی ئێزیدی ده‌سوتێنرێن؟
(ش ب)