فیگەن یوکسەک داغ: ویستیان لەناومان ببەن بۆ خۆیان تیاچوون

15:37

ژنها

فرانکفۆرت – هاوسەرۆکی "هەدەپە " لە فیستیڤاڵی کلتوری دێرسم کە لە ئەوروپا بەڕێوەچوو، وتەیەکی پێشکەش کرد، لەناو وتەکانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای هێرشە سەختەکانی پاوکتاوکردنیش "ئاکەپە" ناتوانێت گەلی کورد ملکەچی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکات.

فیستیڤاڵی کلتوری دێرسم لە شاری فرانکفۆرتی وڵاتی ئەڵمانیا کە بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو، کۆتایی هات.

فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە فیستیڤاڵەکەدا وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: "ئێمە هاوڕێبازی سەید ڕەزا، عەلی شێر و زەریفەین، هاوڕێبازی ساکینە و جافەرین. پلانەکانی کۆشکی دەسەڵات بۆ تورکیا بوون بە پەندێک کە لە بەرامبەر ئەوان گەلێک هەیە هەرگیز سەر نانەوێنێت. "

فیگەن، ئاماژەشی بەوەدا کە ئیتر ناتوانن بە هیچ شێوەیەک رێگری بکەن لە بەرەوپێشچونی تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز و لە دەسکەوتەکانیان، ناوبراو وتیشی: "سەرەتا وتیان؛ لە ناو سێ مانگدا کۆتاییان پێدێنین، تەنانەت کۆرپەلەی سکی دایک و منداڵی ناو بێشکەشیان کوشت، دوای ئەوەی بەرخۆدانی گەلیان لەبەرامبەر خۆیان بینیەوە، ئینجا وتیان؛ پێنج مانگ، دواتر وتیان؛ هەشت مانگ، ساڵێک... ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەی کە پلانی پاکتاوکردنی بۆ گەلێک داڕشبوو."

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی هەدەپە لە ناو ئاڵۆزیەکانی ئێستای تورکیا و وتیشی: "هەدەپە زامنی ئاییندەی تورکیایە، بە بێ 'هەدەپە' هەرگیز لەو گێژاو ڕزگاریان نابێت، ئیتر تیر لەکەوان دەرچوە، هیچ شتێک وەک بەر لە ٧ی حوزەیران نابێتەوە، وادەزانن بە بەندکردنمان دەتوانن خۆیان لە حسابدان رزگار بکەن، ئێمە بە ملیۆنانین، هەدەپە تەنها لە شوێنێک نیە، ئیتر هەدەپە لە هەر شوێنێکە."

فیگەن یوکسەک داغ لە کۆتیایشدا سڵاوی ئاراستەی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا کرد.

(ش ب)