بە هۆی نەداری، ١٠ مانگە بریندارێکی جزیرە تیمار نەکراوە
09:59
ژنها
شرناخ – فوندا بارین ئەو کچەیە کە لە یەکەمین بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی سەر شاری جزیرە بریندار بوو، فوندا تا ئێستاش چاوەڕوانی هاوکاریە بۆ ئەوەی جارێکیتر بە پێوە بڕوات پێویستی بە ٢٠هەزار لیرەی تورکیە.
لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەلی کورد لە شاری جزیرەی سەر بە شرناخ یەکەمین بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ٤ مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ تا ڕاگەیاندرا، لە ماوەی هەشت ڕۆژدا ٢١ هاوڵاتی کۆمەڵکوژکران و بەدەیان کەسیش بریندار بوون. یەکێک لەو کەسانەی بریندار بوو کیژۆڵەیەکی ١٥ ساڵان بوو بەناوی فوندا بارین.
ماڵی فوندا لە گەڕەکی نور بوو، کاتێک ویستبووی بچێتە ماڵی دراوسێکانی سەربازانی تورک دەستڕێژی گولـلەیان لێکردووە و لە قاچی خۆی بریندار دەبێت. دوای ١٠ مانگ هێشتا برینی قاچی فوندا باش نەبووە چوونکە تیمار نەکراوە ئێسقانەکەشی یەکی نەگرتوە.
فوندا وتی: ویستم ئاو لە ماڵی دراوسێمان بێنم، لە گەڕانەوەدا بەر لەوەی بگەمە دەرگای ماڵ لە ئۆتۆمبێلی سەربازیەوە گولـلەبارانیان کردم، گولـلە بەر قاچم کەوت، شەش کاتژمێر لەماڵ مامەوە، مامەکەم کە کارمەندی تەندروستەیە برینەکەی بۆ پێچامەوە، بەڵام خوێنی زۆرم لێ ڕۆشت. مام دەیوت گولـلەی دۆشکام بەرکەوتوە."
فوندا باسیشی لەوە کرد کە ماوەی ١٠ مانگە ناتوانێت بە پێوە بڕوات، وتیشی: کاتێک بردمیان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە جزیرە، پۆلیس پێیان وتم؛ 'گەر بڵێی هێزەکانی دەوڵەت منیان بریندار کردوە دەرمانت ناکەین'. "
زەینەب بارین دایکی ئەو کیژۆڵەیە وتی: "دوای ئەوەی گەڕاینەوە بینیمان ماڵمان سوتێنراوە ئیتر بەتەواوی هەژار بووین و هیچمان بۆ نەکرا. دکتۆریش بۆ نەشتەرگەری داوای ٢٠ هەزار لیرەی کردوە، ماڵێک نیە تیای دانیشین ٢٠ هەزار لیرە لە کوێ بێنین؟.
زەینەب داوای هاوکاری لە سەرجەم خێرخواز، ڕێکخراوەکان کرد کە کارێکی بۆ بکەن و دەستی هاوکاریان درێژ بکەن بۆ ئەوەی کچەکەی باش بێت.
(ش ب)