"لەدەستدانی ئەندامێکی لەشمان، هیچ تێکۆشانمان کەم ناکاتەوە"
12:59
ژنها
کۆبانێ - لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوای کورستان بە هەزارن کچ و کوڕی گەنج پەیوەندیان بە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) کرد، بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەیان تا دواین هەناسە شەڕیان کرد، گیانی خۆیان فیدا کرد و گەیشتنە کاروانی نەمران، یاخود بریندار بوون زۆرێکیش لەو بریندارانە ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە. ئەو شەرڤانانەی پارچەیەک لە گیانی خۆیان پێشکەش بە شۆڕش کردوە تا ئیستاش لەناو بەرخۆدانی دان، سەرەڕای ئازاری برینەکانیان هێشتاس بە کاروباری شۆڕش هەڵدەستن. بەبێ هیچ دوو دڵیەک بە ڕۆحی شۆڕش بۆ ئامانجێکی مەزن تێدەکۆشن، ئەوانە کە گیانفیدای گەلەکەیانن، بە زانابوونی مێژوویی و تێگەیشتنی شۆڕشەوە بوونەتە سەرچاوەی هێز و مۆڕاڵ.
چیچەک کۆبانێ یەکێک لەو ژنە گەنجانەیە کە سەرەتای شۆڕش پەیوەندی بە شەرڤانانەوە دەکات، هەرچەند تەمەنی بچوک دەبێت، بەڵام بڕیارێکی گەورە دەدات، دوای ئەوەی چەتە دڕندەکانی داعش، هێرشیان کردە سەر خاکی کۆبانێ، هەڤال چیچەک وەک ژنێک، وەک شەرڤانێکی ئازادی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵدەستێت و بەشداری شەڕ و بەرخۆدانی کۆبانێ دەکات، بەڵام لەناو هەموو شەڕ و هێرشە دڕندەیەکاندا دوای ئەوەی زۆرێک لە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی شەهید دەبن، هەڤاڵ چیچەکیش بە سەختی بریندار دەبێت و ئەندامێکی جەستەی لەدەست دەدات. بەڵام ئەو برینداریە کار لەسەر خواستەکانی هەڤال چیچەک ناکات بۆ گەیشتن بە ئامانج، تەنانەت ڕق و قینی زیاتر دەبێت لەبەرامبەر دوژمنی مرۆڤایەتی.
چیچەک شەهید بوون و برینداری و بەخشینی ئەندامێکی جەستە وەک ئاستی هەرە بەرزی گەیشتن بە ئازادی پێناسە دەکات. چیچەک دەڵێت: "برینداربوون شتێکی پیرۆزە، چونکە لە پێناو گەیشتنە بە شۆڕشێکی گەورەدا، شەڕکردن لەو ساتانەی منی تیا بریندار بوو، هێز و ئیرادەی دەویست، شەڕ کردن لەبەرامبەر دوژمنێکی وەک داعش شتێکی ئاسان نیە."
چیچەک ئێستاش لەناو کاروخەباتی ڕاگەیاندندا بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆی دەدات، بەو هیوایەیە کە راستی شۆرشی ڕۆژئاوا بە هەموو جیهان بگەیەنێت.
چیچەک بەو شێوەیە باسی ساتی بریندا بوونی خۆی کرد: "کاتێک بەرخۆدانی کۆبانێ سەرکەوت، دەستمان بە هەڵمەتی پاکردنەوەی گوندەکانی کۆبانێ کرد، دوای ئەوەی خۆم و هەڤاڵێکم سەنگەرەکانی دوژمنانمان دەپشکنی پێم نایە سەر بۆمبێکی چێندراو، برینداریەکەم زۆر بوو، دکتۆریش هیوای نەبوو بژیم، بۆ من جێگەی شانازیە هەم لە کۆبانێ هەمیش ڕۆژی هەشتی ئادار بوو کە بریندار بووم."
ئەمڕۆ بەسەدان شەرڤانی بریندار لەناو ئەو شۆڕشەدا تێدەکۆشن، بە هەمان جۆش و خرۆشی ساتەکانی هێرش و شەڕکردن بە هەمان هەست، بە هەمان بیروباوەڕی، لە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا خەبات دەکەن، نەک تەنیا بەشێک لە گیانی خۆیان دەبەخشن، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی هێزی باوەری بۆ گەلانی هەرێمەکە و بە گشتی جیهان.
(ش ب)