روکەن ماکۆ: گەر قسەکانی ڕۆحانی لە مهاباد بۆ فریودانی خەڵک نیە، بۆچی نابنە کردار؟
14:40
ژنها
ناوەندی هەواڵەکان – ئەندامێکی ئەنجومەنی ڕێوەبەری کۆدار سەبارەت بە هاتنی ڕۆحانی بۆ کوردستان، هەڵوێستی دژبەرو بێ متمانەیی بە قسەکانی ئەو دەردەبڕێت و بە پێداگریەوە دەڵێ: ئێران کاتێ دەتوانی ببێت بە وڵاتێکی هاوبەشی گەلانی ئێران کە لەهەموو بوارەکانی مافەوە یەکسان بێت، لە مافە کەلتوری و باوەڕیەکانەوە بگرە تا مافی پاراستن و خۆڕێوەبەری. هەروەها لێدوانەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت سەبارەت بە پەروەردە بە زمانی دایک وەک پارادۆکسێک لەقەڵەم دەدات.
ڕوکەن ماکۆ، وێرای ئیدانە کردنی سیاسەتی پاکتاوی کەلتوری لەلایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە کوردستانەوە، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر بێ بەش بوونی کوردان و گەلانی تر لە پەروەردە بە زمانی دایک لە ئێراندا، ناوبراو دەڵێ: " حەسەن ڕۆحانی لە هاتنی ئەم دوواییەی بۆ مهاباد وتی؛ کە هیچ جیاکاریەک لەنێوان گەلانی ئێراندا نیەو هەمووان لە مافەکاندا یەکسانن و دەتوانن زمانی زگماکی خۆیان فێر ببن. ئەمە یەکەم جار نیە کە داگیرکەرانی کوردستان بە مەبەستی فریودانی گەلی کورد ئەم قسانە دەکەن. ئەگەر نیەتێکی باشیان هەیە پێویستە هەنگاوی کردەیی بهاوێژن و حکومەتی ئێران پڕۆژەیەکی بۆ ئەوە هەبێت."
ڕوکەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوەی ڕودەدات ڕێک پێچەوانەی قسەکانی ڕۆحانی نیشان دەدات و دەڵێ :" وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئێران وتوویەتی کە زمانی فارسی تاکە زمانی فەرمی وڵاتەو پێویستە زمانە بێگانەکان لە کارنامەی خوێندنگەکاندا لا ببرێن. ئەو دەیەوێ بڵێ کە دەبێ پێش بە توانەوەی کەلتوری بگیردرێت بەڵام لەبیری چووە کە بۆ منداڵێکی کورد، ئازەری، بەلوچ و هەندێک لەنەتەوەکانی تر، فارسی زمانێکی بێگانەیەو داسەپاندنی بەسەر منداڵاندا بەواتای توانەوەی کەلتوری ئەوانە."
ڕوکەن ماکۆ لەهەمان کاتدا دەربارەی بەرەنگار نەبوونەوەی زمانی فارسی و زمانەکانی تر پێداگری دەکات و دەڵێ :" لە فیکرو فەلسەفەی ئێمەدا هەر زمانێک پێناسەی کۆمەڵگایەکەو ناتوانرێ ڕەت بکرێتەوە. ئەگەر حەسەن ڕۆحانی باوەڕی بەوە هەیە کە ئێران وڵاتێکی هاوبەشە و هەمووان ئێرانین، پێویستە هەوڵ بدات دیموکراسی لە ئێراندا پەسەند بکات. ئیران کاتێ دەتوانێ ببێتە وڵاتێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلان کە لە هەموو بوارەکانی مافدا یەکسان بین، لە مافی کەلتوری و باوەڕی بگرە تا مافی پاراستن و خۆڕێوەبەری."
ڕوکەن ماکۆ ئەندامی ئەنجومەنی ڕێوەبەری کۆدار بە پێویستی دەزانێ کە بۆ بەدەست هێنانی داواکاری گەلان هەنگاوی کردەیی بهاوێژرێت و بانگەوازی لە گەلانی ئێران دەکات بەرامبەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی ڕژێمی ئێران تێکۆشان بکەن.
(ش ب، ڕ ڕ)