ژنان لەبەرامبەر کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تى خێزانى له‌ ئه‌سته‌نبوڵ هه‌ڵوێست نیشانده‌ده‌ن

14:51

ژنها

سلێمانی - تۆڕى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى ژنان له‌هه‌رێمى کوردستان له‌دژى بڕیاره‌کانى کۆنگره‌ى جیهانى ( میساقى خێزان ) که‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵ به‌رێوه‌چوو ، هه‌ڵویست نیشان ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، که‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ زیاده‌یه‌ و قازانج ناگه‌یه‌نێت به‌ خۆشگوزه‌رانى مرۆڤ.

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانى تۆڕى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى ژنان سه‌ردانى نوسینگه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانیان کرد له‌ شارى سلێمانى و له‌لایه‌ن د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى په‌رله‌مانى هه‌رێم پێشوازیان لێکرا و له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا ژنان نیگه‌رانیه‌کانى خۆیان له‌باره‌ى کۆنگره‌ى جیهانى ( میساقى خێزان) که‌ له ‌٦ى مانگى نیسانى ئه‌مساڵ به‌رێوه‌چوو ،خسته‌روو.

دواتر له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیشدا گوڵزار نه‌قشبه‌ندى، ئه‌ندامى تۆڕى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى ژنان راگه‌یه‌نراوى تۆڕه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند:" له‌سه‌ر رۆشنایی کۆنگره‌ى جیهانى ( میساقى خێزان) له‌ وڵاتی تورکیا و له‌شارى ئه‌سته‌نبوڵ له‌ ٦ی مانگى نیسانى ٢٠١٦ به‌سترا، به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ى (میساقى خێزان) جێگره‌وه‌ى ( رێکه‌وتنى سیداو)ده‌بێت، ئێمه‌وه‌ک تۆڕى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى ژنان و ئافره‌تان و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و که‌سایه‌تى و چالاکوانى مافى مرۆڤ ئه‌م میساقه‌ ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌."

دڵزار نه‌قشبه‌ندى، راشیگه‌یاند:" ئه‌م میساقه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ هه‌ندێک به‌ندوبڕگه‌ى جاڕنامه‌ى گه‌ردوونى مافى مرۆڤ له‌ ١٠ى کانوونى یه‌که‌مى ١٩٤٨ کراوه‌ ، به‌تایبه‌ت جاڕنامه‌ى جیهانى نه‌هێشتنى سه‌رجه‌م شێوازه‌کانى جیاکارى دژ به‌ژنان که‌ له‌ساڵى ١٩٧٩ ده‌رچووه‌".

هاوکات له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش خرایه‌روو:" پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ رێککه‌وتنامه‌ى سیداو بۆ نه‌هێشتنى سه‌رجه‌م شێوازه‌کانى جیاکارى دژ به‌ژنان له‌ساڵى ١٩٧٩ چونکه‌ رێکه‌وتننامه‌ى سیداو سه‌رجه‌م مافه‌کانى تاک له‌هه‌موو رووێکه‌وه‌ ده‌سته‌به‌رکردووه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و رێککه‌وتنامه‌ جیهانیانه‌ى که‌ زۆرینه‌ى وڵاتانى جیهان به‌جیاوازى ئاین، نه‌ته‌وه‌، ره‌گه‌ز و کلتور‌.. هتد، پابه‌نده‌ پێوه‌ى سه‌ربارى هه‌ندێک( تحڤ) له‌سه‌ر هه‌ندێک ماده‌ و برگه‌ى رێککه‌وتنامه‌که".

هه‌روه‌ها، هاتووه‌:" ئه‌م رێککه‌وتنامه‌ى ( میساقى خێزان) پێویست ناکات. به‌ڵکو زیاده‌یه‌ و قازانج ناگه‌یه‌نێت به‌ خۆشگوزه‌رانى مرۆڤ و ئێمه‌ له‌خه‌م خۆریمان بۆ پرسى مافه‌کانى مرۆڤ و له‌ناویشدا ژنان پێمان باشه‌ هه‌ڵویستى خۆمان له‌و باره‌یه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو".

تۆڕى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى ژنان ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى ئاڕاسته‌ى هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان، سه‌رجه‌م حزب و پات و رێکخراوه‌کان، یه‌کێتى زانایانى ئایینى هه‌رێمى کوردستان و کۆمیسیۆنى باڵاى مافه‌کانى مرۆڤ کرد.

(ش ب)