منداڵانی گوندەکانی منبج داوای خوێندنگە دەکەن
11:21
زاهیدە ئەحمەد/ ژنها
کۆبانێ – منداڵانی گوندەوارەکانی شاری منبج کە لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش رزگاریان بووە، هێندە دڵخۆشن نایانەوێت بچنەوە ماڵەکانیان، خەندە لە سەر لێوانیانە و داوای کردنەوەی خوێندنگە دەکەن لە گوندەکانیان.
لە ١ی حوزەیراندا ئەنجومەنی سەربازی منبج، دەستی بە هەڵمەتی شەهیدی فەرماندە "فەیسەل ئەبو لەیلا" کرد، لەو کاتەوە تا ئێستا ژمارەیەی زۆری گوندەکانی دەوروبەری منبج لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش ئازادکراون.
زیاتر لە هەموو کەسێک منداڵان خۆشحاڵن چونکە هەم لەمافی مرۆڤ بوون هەمیش لەمافی منداڵ بوونی خۆیان بێبەش کرابوون. منداڵانی گوندی "هالول" کە ماوەیەی درێژ لە ژێر داگیرکەری زوڵمی چەتەکانی داعش دابوو، دوای رزگار بوونیان ئێستا چاوانیان دەدرەوشێنەوە و لە دڵەوە پێدەکەنن. منداڵان باسیان لە دڕندەیی چەتەکانی داعش کرد و وتیان: "داعش ڕێگەی ئەوەی پێنەدەداین بەیەکەوە یاری بکەین و بەدڵی خۆمان بجوڵێینەوە، بەڵام ئێستا بە ئاسودەیی دەخەوین."
یەکێک لەو منداڵانە ئامینە محەمەدە بەو شێوەیە باسی لە کردەوە دڕندەکانی چەتەکانی داعش کرد: "داعش بە کارە قێزەونەکانی خۆی ئێمەی لە منداڵبوون دوور کردبوەوە بە چاوی منداڵ سەیریان نەدەکردین، ڕێگەیان نەدەدا قسە لەگەڵ یەکتری بکەین و یاری بکەین، چەندین کەسیان لەبەرچاوی ئێمە کوشت، دەبووایە بە گوێرەی ئەوان جلوبەرگمان پۆشی بوایە، باوەڕمان نەدەکرد ڕۆژێک رزگارمان ببێت و بە ئاسودەیی بخەوین." ئامینە وتیشی: "دوای ئەوەی شەرڤانان گوندەکەمانیان رزگار کرد، ئێستا بە دڵی خۆمان جوڵە دەکەین، داواکاری سەرەکیشمان بچینە بەر خوێندن"
ئامینە سڵاوی خۆی لە بەرخۆدانی شەرڤانان کرد و وتی: بژی بەرخۆدانی شەرڤانان.
محەمەد ئەحەمەدی (٧) ساڵانیش کە لە ترسی دڕندەیی چەتەکانی داعش باری دەرونی تێکچووە نەی توانی قسە بکات و بە بەرزکردنەوەی هەر دوو پەنجەی(نیشانەی سەرکەوتن) دڵخۆشی و هیوای خۆی بۆ ژیان دەربڕی."
(ش ب)