ئەنجومەنی ژنانی ناو 'هەدەپە' ئیدانەی کۆمەڵکوژی ئۆرلاندای کرد

13:21

ژنها

ئەنقەرە – ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە لێدوانێکی نوسراو هێرشی سەر هاوڕەگەزخوازانی لە ئۆرلاندا ئیدانە کردن و کاردانەوەی توندی دەربڕی.

دوو ڕۆژ لە مەوبەر چەتەکانی داعش لە شاری ئۆرلاندای ویلایەتی فلۆریدا کۆمەڵکوژیێکی درندانەیان لەبەرامبەر هاوڕەگەزخوازان ئەنجامدا و کە بووە هۆی کوژرانی ٥٠ برینداربوونی ٥٣ کەسیتر.

ئەو هێرشەی چەتەکانی داعش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، کۆردیناسیۆنی گشتی ئەنجومەنی ژنان لەناو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە لێدوانێکی نوسراو وێرای ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژیەکە رایگەیاند: ئەو کۆمەڵکوژیە بە قین و نەفرەتەوە ئەنجامدراوە.

ئەنجومەنی ژنان ڕایگەیاند: " داعش ئەوانەی لە خۆیان نین، شێوەیان لە هی ئەوان ناچێت، کەسانی جیاواز لە ناسنامە و ئایدۆلۆژیا ئەوان، لەنێو دەبات. ئامانجی داعش لەو هێرشە ئەوە بوو کە ئەو هاورەگەزخوازانەی خۆیان بۆ حەفتەی شکۆمەندی ئامادە دەکرد، بچەوسێنێتەوە، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژیە ناتوانێت رێگە لە تێکۆشان بگرێت، بێگومان تێکۆشانی پەلکەزێرینەکان بۆ یەکسانی سەر دەکەوێت.

لەلێدوانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆر رێکخراو و دەزگا کاتێک ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیەیان کردوە ناوی هاوڕەگەزخوازی کە ناسنامەی خۆیانە بەکاریان نەهێناوە و وەک هێرشێکی جیاواز و نەفرەت لێکراو باسیان لێنەکردوە، وەک کردەوەیەکی تیرۆرستی پێناسەیان کردوە بەڵام ئەو هێرشە پەیامی جیاواز دەدات و هەڕەشەیە لەسەر کلتورە جیاوازیەکانی گەلان.

ئەنجومەنی ژنان لەناو 'هەدەپە' لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندوە: "ئێمە وەک ژنان لەناو 'هەدەپە' لە دژی ئەقڵیەتی داعش تێدەکۆشین، لە حەفتەی شکۆمەندیشدا لەگەڵ ئەوانداین و پشتیوانی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین."

کۆردیناسیۆنی گشتی ئەنجومەنی ژنانی ناو هەدەپە، لە کۆتایشدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کردو هیوای چاکبونەوەشی بۆ برینداران خواست.

(ش ب)