دوو خوشکی تورکمان چەکیان هەڵگرتوە
17:02
ژنها
عەفرین – فاتمە و مەروا دوو خوشکی بەرەگەز تورکمانن، لە هەرێمی ئەلشەهباوە پەیوەندیان کردوە بە ڕیزەکانی شەرڤانان و بانگەوازی لە هەموو ژنانی تورکمان دەکەن کە خۆیان لە ژێر دەستی بە کۆیلەکردن رزگار بکەن.
بۆ ئازادکردنی سەرجەم ژنان لە هەرێمی ئەلشەهبا کە بوونە قوربانی دڕندەیی چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەر بە "کوالسیۆنی نیشتیمانی سوریا" ژنانی هەرێمەکە دوای بینینی خولێکی پەروەردەیی لە کانتۆنی عەفرین یەکەمین یەکینەی خۆیان بەناوی "یەکینەی شەهید ژیان ئەحرەس" لە ژێر بانی لیوای "ئەل ئەکراد" راگەیاند.
دوو لە ئەندامانی یەکینەکە خوشکی یەکترین و بە رەگەز تورکمانن، فاتمە و مەروا حەسەن هەم خوشک هەم هەڤاڵی یەکترین، ئەو دوو خوشکە خەڵکی گوندی (ئەلرایا)نن، باوک و سێ لە براکانیان لەناو ریزی "بەرەی ئەل ئەکراد" دان، واتا تەنیا لە یەک خێزان ٦ کەس ئەندامی هێزەکانی بەرگریکردنن.
فاتمە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ(ڕۆژدا خەمگین) و مەرواش ناوی خۆی ناوە(بێریتان جودی)، هەردووکیان بەیەکەوە بەشداریان کردوە لە خولی پەروەردەی ئامادەکاری بۆ یەکینەی شەهید ژیان ئەحرەس و ئێستاش هەردووکیان ئەندامی ئەو یەکینەیەن لە کانتۆنی عەفرین.
فاتمە دەلێت: بۆ ئازاد کردنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە هەرێمی ئەل شەهبا چەکم هەڵگرتوە و بەشداریم لە ریزی شەرڤانان کردوە.
فاتمە ئاماژەی بەوەشدا کە کاتێک هەرێمی ئەل شەهبا لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش دابووە، دڕندەیی چەتەکان لەبەرامبەر ژنان گەشتبوە ئاستێک کە ئیتر ژنان لە بازاڕەکان بفرۆشرێن.
فاتمە و مەروا بانگەوازیان لە سەرجەم ژنانی تورکمان و بە گشتی ژنانی هەرێمەکە کرد کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و رزگار کردنی ژنان لە ژێر دەستی چەتەکان پەیوەندی بکەن بە ریزەکانیانەوە لە یەکینەی شەهید ژیان ئەحرەس.
(ش ب)