'رژاک' بێدەنگی بەرامبەر سوتاندنی بەکۆمەڵی ژنانی ئێزیدی ئیدانە دەکات
10:49
ژنها
ناوەندی هەواڵ – رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لێدوانێکی نوسراوی لەسەر بێدەنگی رای گشتی بەرامبەر بە کۆمەڵ سوتاندنی ژنانی ئێزیدی لە موسڵ بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی هەواڵی سوتاندنی ١٩ ژن و منداڵی ئێزیدی لەلایەن چەتەکانی داعش، لە میدیاکان بڵاو کرایەوە، بووە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان و بەتایبەتیش هاوڵاتیانی ئێزیدی، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین شوێن ئێزیدیەکان پرسەیان بۆ قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دانا. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە سەر ئاستی جیهان بێدەنگیەکی بەرچاو بینرا بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە دڕندانەیەی چەتەکانی داعش.
لەبەرامبەر ئەو بێدەنگەی و هاوکات لەسەر ئەو هۆکارەی تا ئێستاش ژنان لە ژێر زوڵمی چەتەکان ماونەتەوە و ڕووبەڕووی دڕندەترین مامەڵەی دوور لە مرۆڤایەتی دەبنەوە، رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە هەرێمەکەماندا ئەقڵیەتێک لە ئارادایە کە بۆتە هۆکاری ئەوەی ڕۆژانە ژنان بسوتێنرێن، بۆیە بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو تاوانە دڕندەیەی چەتەکانی داعش، ئەمەی ڕوویداوە ڕووداوێک نیە کە مرۆڤایەتی لەبەرامبەری بێدەنگ بێت، ئەو بێدەنگیە خۆی لەخۆیدا تاوانێکیترە."
رژاک رادەگەیەنێت: "ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی کورد هەبوایه و پێشتر کونگرەی نەتەوەیی ببەسترایه، یان ببەسترێت ئەوا جێگا بۆ هێرش و داگیرکاری و کومەڵکوژی نامێنی. بەو هێزەی له شەنگال هەبوو، بەو چەک وتەقەمەنیانەی کەله دەستیاندا ئەگەر بۆ پاراستنی خەڵک بەکار بهێنرایە، ئێستا شەنگال و موسڵ داگیرنەدەکرا و ژنانی کورد نەدەکەوتنه دەستی تیرورستان و بازرگانیان پێوه نه دەکرا و کومەڵکوژ نەده کران".
رژاک لە بەردەوامی لێدوانەکید وتویە: "له کاتێکدا له باکورو روژئاوای کوردستان گەل و شەڕڤان له سەنگەردان و بەرخۆدانی دەکەن بەپێشەنگایەتی ژنان و هەنگاوی گەورەیان ناوه، بەڵام له باشوری کوردستان چونکه باوەڕی بەهێز و هەبوونی ئیرادەی ژن ناکرێت بەئاسانی رادەستی تیرۆرتستان کران، له ژێرناوی باوڕی جیاواز گەلی کورد، ژنانی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن، بەناوی ئایینێک ئاینێکیتر دەچەوسێنرێتەوە. ئەو کچ و ژنانەی لە شەنگال و موسڵ کەوتنه دەستی داعش و تا ئێستاش لە بازاڕەکان بازرگانیان پێ دەکرێت و بە زۆر نیکاحیان دەکەن، لە ژێر ناوی ئاییندا هەموو مامەڵەیەکیان لەگەڵدا بە حەڵاڵ دەبینرێت. بەداخەوه هەتا ئێستا بە گوێرەی پێویست هیچ دەستپێشخەریەک نەکراوە بۆ ڕزگار کردنیان، تەنانەت ئەو هاوڵاتیانەی دووچاری کۆچبەری هاتون و لە کەمپەکاندا نیشتە جێکراون ژیانێکی نالەباریان هەیە، کۆمەکی ئەو ژنانەش نەکراوە کە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە."
رژاک جەختیش دەکاتەوە: "ئێمه وەک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رژاک) ئەو ڕەشەکەوژیەی بە کۆمەڵ سوتاندنی ژنان و بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو تاوانە شەرمەزار دەکەین. ئەو کردەوە دڕندەیە له یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا تیرورستانى داعش ئەنجامیان داوه، دووره له هەموو پێوان و رهوشتی مرووڤ بوون. لێرەوه دەڵێین ئەو داخستن و شاربه دەرکردنەی رێکخراوەکانی ژنان و رێکخراوەکانی تر له هەولێر هیچ جیاوازیه کی نیه لەگەڵ کردەوە ئەو چەمک و ئەقڵیەتەی کە ژنان دەکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان و بە دڕندەترین شێوە کۆمەڵکوژیان دەکات. هەڵبەت ئەو سیاسەتەش لە هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ئەردۆغان و ئاکپارتی بەڕێوە دەچێت. بۆیە بە توندی ئیدانەی هەموو ئەو جۆرە دەستدرێژیانە دەکەین کە بە ئامانجی چەوساندەنەوەی ژنان ئەنجام دەدرێن، سوتاندنی ١٩ ژنی ئێزیدی سوتاندنی هەموو ژنانە، بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەو جۆرە هێرشانە هەرگیز بێ وەڵام ناهێڵین."
ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایگەیاندوە: "بانگەوازی لە سەرجەم ژنانی پارچەکانی تری کوردستان دەکەین کە هەوڵی زیاتر بدەن بە هێزی یەکێتی ژنان رووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە بوەستینەوە، هەروەها داوا لە سەرجەم ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی دەکەین کە هەڵوێست دیار بکەن لە ئاستی دڕندەیی کۆمەڵکوژیەکە، ئەوەی ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی گەلەکەمان لە هەرێمی کورستان ئەوەیە فشار بخنە سەر لایەنەکان بۆ ئەوەی هێزێکی سەربازی هاوبەش پێکبێنن بۆ رزگار کردنی ناوچە داگیرکراوەکان و هاوشێوەی باکوری و ڕۆژئاوای کورستان هێزێکی سەربازی ژنان بە ئیرادەی خۆیان دروستبکرێت."
(ش ب)