"ژنان ڕێژەیەکی زۆری لیژنەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە پێکدێنن"

16:34

ژنها

ناوەندی هەواڵ- ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەگرنگی بڕگە و ماددەکانی رێککەوتننامەی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەکات و پێیوایە ئەگەر ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت چارەسەری ھەموو کێشەکان دەکات.

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم رێککەوتنە بەرزدەنرخێنێت و لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە ئاژانسی دەنگوباسی رۆژنیوزی راگەیاندوە:" رێککەوتننامەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان رێککەوتننامەیەکی سیاسی زۆر گرنگە و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لەھەرێمی کوردستان، دەشبێتە ھۆکاری ئاشتەوایی نیشتیمانی، بۆ یەکڕیزی میللەتەکەمان و کۆتایی ھێنان بەو قەیرانە و خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکارییەکان لەھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا، ھەنگاوێکیشە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد ".

کوێستان رونیکردۆتەوە کە دوای ئەوەی لیژنەی سەرکردایەتی دروستکرا، دواتر رێککەوتننامەکە دەخرێتە بەردەمی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی تر، بۆئەوەی ئەگەر ماددە و بڕگەکانی ناو رێککەوتننامەکەیان قبوڵ بێت، ئەوانیش بێنە ناو رێککەوتننامەکەوە.

ناوبراو لە بەشێکیتری وتەکانی ئاماژەی بەوەش داوە کە لیژنەی سەرکردایەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامداوە، دوای ئەوە چەند لیژنەیەک دروست دەکرێت، ئەو لیژنانە ماددە و بڕگەکانی رێککەوتننامەکە جێبەجێ دەکەن، لەھەموو ئەو لیژنانەدا ژن بوونی دەبێت، چ لەلایەن گۆڕان و چ لەلایەن یەکێتی، ژنی بەتوانا و خاوەن کەفائەت لەناو ئەم لیژنانەدا دادەنرێت، بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتننامەکە.

لەبارەی گرنگی و جیاوازی ئەم رێککەوتننامەیە کوێستان محەمەد وتی: گرنگی ئەو رێککەوتننامەیە ئەوەیە کە جیاوازە لەھەموو رێککەوتنە سیاسییەکانی تر کە پێشتر لەنێوان حزبەکاندا واژۆ کرابوو، ئەم رێککەوتننامەیە بەتەنھا و تەنھا لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکە، ھیچ بەرژەوەندییەکی حزبی تیا نییە، تەنانەت یەک ماددە و یەک بڕگەشی تیا نییە کە لەپێناو بەرژەوەندی گۆڕان یان یەکێتی داڕێژرابێت.

لەبارەی وردەکاری رێککەوتننامەکەش وتی: رێککەوتننامەکە کۆمەڵێک ھێڵی دەستنیشان کردووە، مەسەلەی دەستور، سیستەمی سیاسی لەھەرێمی کوردستان و ئابوری و سێکتەرەکانی تری یەکلایی کردوەتەوە و دەستنیشانی کردووە، ھەورەھا ھەوڵیداوە مەسەلەی نەوت و شێوازی دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی تری داھات کە رزگارمان بکات لە تاک سەرچاوەیی لەھەرێمی کوردستان، ھەروەھا گرنگیدان بە ژنان و گەنجان لەناو ئەو رێککەوتننامەیەدا ھەیە، کە بۆ یەکەمجارە رێککەوتننامەیەکی سیاسی بکرێت لەناویدا مادەیەک بۆ ژنان و گەنجان تەرخان بکرێت.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا رێککەوتننامەکە دەتوانێت پەرلەمان کارابکاتەوە نااوبراو وتی: "ئەگەر رێککەوتننامەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەردوولا بەجدی کاری بۆ بکەن، بەدڵنیاییەوە بەڵێ، لەبەرئەوەی ئەوکاتە زۆرینە پێکدەھێنن لە پەرلەمان، ئەگەر پارتیش لەدێگەڵە رێگریی لە پەرلەمان بکات، پەرلەمان دەتوانێت لە سلێمانی کۆبێتەوە."

(ش ب)