خواردنەوە گەرمەکان شێرپەنجە دروست دەکەن

17:30

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەنوێترین لێکۆڵینەوەیدا ئاشکرای دەکات کە خواردنەوە گەرمەکان بەشێوەیەک "زۆر گەرم" هۆکارێکن بۆ دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنجە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە (IARC) کە پێشتر لە لێکۆڵینەوەیەکیاندا ئاشکرایانکردبوو کە خواردنەوەی قاوە ڕەنگە ببێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام لە لێکۆڵینەوە نوێیەکەدا بیرۆکەکەی خۆیان گۆڕیوەو دەڵێن دوای بەدواداچوونێک، بۆیان دەکەوتووە کە خواردنەوەی قاوە نابێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵکو خوارنەوەی قاوە بەشێوەیەک "زۆر گەرم" ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەو نەخۆشیە.

هاوکات بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە زانستییە نوێیە کە لەلایەن پێگەی "dailymail" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنەوەی هەر خواردنەوەیەکی گەرم کە ڕێژەی کوڵانەکەی لەسەرووی ٦٥ پلەوە بێت، لەنێوانیاندا خواردنەوەی قاوەو ئاو و چا، ڕەنگە ببێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سورێنچک.

(ش ب)